سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی بانگکرایە دادگە

رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزای بەندکردنەکەی بانگکرایە دادگە و، "ئەگەر لە کاتی دیاریکراودا ئامادە نەبێت، رێوشوێنی یاسایی لەدژی دەگیرێتەبەر".
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دادگەی شاری ئیسلامئاوا لە پارێزگای کرماشان لە ئاگادارکردنەوەیەکدا داوای لە سیاوەش حەیاتی، سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد و گوتەبێژی کۆڕی راوێژکاری چالاکڤانانی مەدەنی یارسان کردووە تاوەکو رۆژی سێشەممە 09-05-2023 خۆی بە دادگە بناسێنێت بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی. لە ئاگادارکردنەوەکەدا هاتووە "ئەگەر لە کاتی دیاریکراودا ئامادە نەبێت، رێوشوێنی یاسایی دژی دەگیرێتەبەر".
 
دادگەی شۆڕشی شاری ئیسلامئاوا رۆژی 22-11-2022 بڕیاری لەسەر دۆسێی سیاوەش حەیاتی دا و بە یەک ساڵ بەندکران سزا درا. بەرەی یەکگرتووی کورد لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، سکرتێری ئەو رێکخراوە بەهۆی پێشکێشکردنی گوتارێک لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی مینو مەجیدی، لە قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوو لە کرماشان، سزا دراوە.
 
حەیاتی لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەو هاونیشتمانییەدا کە 22-09-2022 لە گۆڕستانی کرماشان بەڕێوەچوو، رەخنەی لە کوشتنی خۆپێشاندەران گرت و گوتی، دەسەڵاتی ئێران کەوتووەتە دەست کەمینەیەک کە بۆ پاراستنی خۆیان دەست بۆ هەموو شتێک دەبەن و کۆمەڵێک کەسیان بەرداوەتە گیانی خەڵک و خوێنیان دەڕێژن بۆ ئەوەی دەنگیان بەرزنەکەنەوە. 
 
رۆژێک دوای ئەو رێوڕەسمە، سیاوەش حەیاتی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بە کەفالەت ئازاد کرا؛ دواتر لە 30-11-2022 جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە و ئەمجاریش بە کەفالەت ئازاد کرا تاوەکو کاتی دادگاییکردنی.
 
بەرەی یەکگرتووی کورد تاکە رێکخراوی سیاسیی ئاشکرایە کە لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکی دەکات. ئەو بەرەیە ساڵی 2005 دامەزراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی مۆڵەتی کارکردنی پێنەدراوە.