هاونیشتمانییەکی دەربەندیخان: بەهۆی کۆنەکردنەوەی خاشاکەوە منداڵەکانمان تووشی نەخۆشی دەبن
رووداو دیجیتاڵ
شەقام و کۆڵانەکانی دەربەندیخان پڕبوون لە زبڵ و خاشاک. ئەو کۆمپانیای کە ئەرکی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکە لەو قەزایە، 10 رۆژە کارناکەن و شارەکەیان بەجێهێشتووە. پێشتر رۆژانە 100 تۆن زبڵ و خاشاکیان لە دەربەندیخان و دەروبەری کۆدەکردەوە.
عوسمان حەمەئەمین، دووکاندارێکی دەربەندیخانە و دەڵێت، "خۆمان زبڵەکە فڕێدەدەین. دۆخی شارەکە رۆژێک نییە، دوو نییە؛ مانگێک نییە، دوو نییە، ئەوە چارەسەر نییە."
ئیسماعیل مەحموود، دووکاندارێکی دیکەیە و دەڵێت، "زبڵەکە کاریگەری هەیە. هەموو کەس نەخۆشە ئەوەش دەبێتە دەردێکی تر و بارگرانییەکی تر لەسەر خەڵک. ئەوە چ دیاردەیەکی ناشرینە؟"
عەلی مەحموود، کرێکارێکی دەربەندیخانە و گوتی، "زبڵەکە بۆنی زۆرە. جارێ هاوین نەهاتووە بۆنی بەوجۆرەیە. زبڵەکە کاریگەری هەیە لەسەر خەڵک، هەموومان منداڵی وردمان هەیە تووشی نەخۆشی دەبن."
ناو بەناو شارەوانی دەربەندیخان هەڵمەتی پاککردنەوەی شار ئەنجامدەدەن، بەڵام توانا و ئامێرەکانی شارەوانی، زۆر کەمترە لەو زبڵ و خاشاکە زۆرەی رۆژانە فڕێدەدرێت.
عوسمان عەبدوڵڵا، سەرۆکی شارەوانی دەربەندیخان دەڵێت، "ئامێری پێویستمان نییە، کرێکاری پاککەرەوەمان نییە، تەنیا یەک کرێکاریشمان نییە و ئامێری کۆکەرەوەی خۆڵ و خاشاکمان نییە یان دەبێت کۆمپانیا بگەڕێتەوە یان دەبێت سێکتەری خزمەتگوزاری بگەڕێتەوە، واتا هەموو شتەکانی دیکە."
کۆمپانیای ئۆرانۆس ئەرکی پاککردنەوەی دەربەندیخان و 13 شارەوانی دیکەی سنووری سلێمانی لە ئەستۆدایە. کۆمپانیاکە دەڵێن، هەشت مانگە شایستە داراییەکانیان پێنەدراوە سکاڵای یاساییان تۆمارکردووە، تاوەکو یەکلاکردنەوەی دۆسییەکەیان بڕیاریان داوە کارەکانیان لە هەموو شارەوانییەکان رابگرن.