لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا لە شرنەخ، حەوت کەس بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەیەکی سلۆپی سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، شەڕ لەنێوان بنەماڵە سەرکەوتوو و دۆڕاوەکان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا دروستبوو، لە ئەنجامدا حەوت کەس بریندار بوون.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە حەوتی نیسانی 2024 لە شارۆچکەی چاڵشکان لە پارێزگای شرنەخ لەنێوان ئەندامانی بنەماڵەی تۆسوون کە سەربە ئاکپارتین و ئەندامانی بنەماڵەی یغیت کە سەر بە پارتی سەرلەنوێ رەفاهـن شەڕ روویدا.
ئەندامانی هەروو بنەماڵە دوای دەمەقاڵە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن، بە دار و بەرد چوون بەگژیەکدی و حەوت کەس لە هەردوولا بریندار بوون.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئاداری ئەمساڵدا لە شارۆچکەی چاڵشکان سەر بە شاری سلۆپی، نادر تۆسون، کە ئێستا سەرۆکی شارەوانییە، لەسەر لیستی ئاکپارتی 57.54٪ـی دەنگەکانی بردەوە و بە سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردرایەوە، لە بەرامبەردا نیهاد یغیتی بەربژێری پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە بردنەوەی 41.70٪ـی دەنگەکان دووەم بوو.
بریندارەکان زوو بۆ نەخۆشخانە لە سلۆپی گوازرانەوە و تیمەکانی جەندرمە رێوشوێنی ئەمنی بەرفراوانیان لە شارۆچکەکەدا گرتەبەر بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.
رۆژی 31ـی ئاداری 2024، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەچوو. جەهەپە 17 ملیۆن و 391 هەزار و 548 دەنگی بەدەستهێنا و بە 37.77٪ بە یەکەم دەرچوو و سەرۆکایەتیی 35 شارەوانی بەدەستهێنا؛ ئاکپارتی بە 16 ملیۆن و 339 هەزار و 771 دەنگ بە رێژەی 35.49٪ دووەم بوو و سەرۆکایەتیی 24 شارەوانیی بەدەستهێنا. دەم پارتی بە دوو ملیۆن و 625 هەزار و 588 دەنگ و بە رێژەی 5.70٪ براوەی سێیەم بوو کە سەرۆکایەتی 10 شارەوانیی شارەکانی بەدەستهێنا؛ مەهەپە بە دوو ملیۆن و 297 هەزار و 662 دەنگ 4.99٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سەرۆکایەتیی هەشت شارەوانیی شارەکانی بردەوە. پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە دوو ملیۆن و 851 هەزار و 784 دەنگ و بەرێژەی 6.19٪ی دەنگەکان دوو شارەوانی بردەوە.