بەهۆی بۆردوومانەوە لە شێلادزێ دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و یەکێکیش بریندارە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەوە لە چیای گریێ لە سنووری ناحیەی شێلادزێ، دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەش برینداربوو.
بە گوتەی کەسوکاریان، ئەو هاونیشتمانییانە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە مەبەستی کردنی گیای بەهارە چووبوونە ئەو چیایە. نایف رەمەزان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک، زانیاریی زیاتر لەسەر رووداوەکە خستەڕوو و دەڵێت، تەمەنی بریندار و کوژراوان 29 ساڵ، 36 ساڵ و 40 ساڵە.
نەسرەت دێویکی، ئامۆزای یەکێک لە قوربانییەکان بە رووداوی راگەیاند، بۆردوومانەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بووە و ئەو سێ کەسەی بوونەتە قوربانی، هەرسێکیان خێزاندارن.
ناوی قوربانییەکان:
- سەعید موبارەک دێویکی - گیانی لەدەستداوە
ئاراز فەرەج - گیانی لەدەستداوە
ساڵح موبارەک - بریندارە
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بۆردوومانەکە لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە کراوە.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـیی ئەمریکی بە رووداوی راگەیاند، بەپێی داتاکانی ئەوان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، تورکیا 241 بۆردوومان و هێرشی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەشدا، چوار هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و یەک هاووڵاتیی دیکەی مەدەنی برینداربووە.
پێش دوو هەفتە، لە سنووری ناحیەی دینارتە لە سنووری ئاکرێ بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە دوو هاونیشتمانی دیکە گیانیان لەدەستدا.
ئەو شوێنەی بۆردوومانکراوە نزیکی شێلادزێیە و بەپێی زانیارییەکان، ساڵح موبارەک کە بەهۆی بۆردوومانەکەوە بریندار بووە، خوێنێکی زۆری لەبەر رۆیشتووە ئێستاش بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەیە.
تەرمی دوو کوژراوەکانیش گواستراونەتەوە بۆ دادپزیشکیی ئامێدی، بڕیارە هەر لە گوندی دێویکین بە خاکبسپێردرێن.
بەگوتەی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو سێ قوربانییەکە سەردانی نێو رەز و باخی خۆیان کردووە و ساڵح موبارەک کە بریندار بووە، پەیوەندیی بە کەسوکاری کردووە و پێی راگەیاندوون، بۆردوومان کراون و سەعید و ئارازیش کوژراون، دواتر کەسوکاریان چوونەتە شوێنی بۆردوومانەکە و تەرمی دوو کوژراوەکان و بریندارەکەیان هێناونەتەوە.
گوندی دێویکین دەکەوێتە بەرامبەر ناحیەی شێلادزێ و تەنیا رووبارێک کەوتووەتە نێوانیان، ئەو شوێنەی کە بۆردوومانیش کراوە، کەمتر لە پێنج کیلۆمەتر لە سەنتەری گوندەکەوە دوورە.
وەک نایف رەمەزان گوتی، یەکەم جارە ئەو شوێنە بۆردوومان بکرێت، بۆیە دانیشتووانی گوندی دێویکین زۆر شۆک بوونە و لەو باوەڕەدا نەبوونە نزیک گوندەکەیان بۆردوومان بکرێت.
کەسوکاری ئەو هاونیشتمانییانەی لە شێلادزێ بەهۆی بۆردوومانەوە گیانیان لەدەستدا باسیان لەوە کرد، تەنیا بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهارە چووبوونە شاخ.
هاوکات، گلەیی لەوەش دەکەن کە "لە ترسی بۆردوومان ناتوانین بچینە نێو باخەکانمان."