نێچیرڤان بارزانی: بەغدا 552 ملیار دینار دەنێرێت، ئەوەی دیکە خۆمان دابینی دەکەین

رووداو - هەولێر 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی کە حکومەتی فیدڕاڵی بۆ هەرێمی کوردستان دەینێرێت، گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان دەینێرێت 522 ملیار دینارە، ئەوەش هەموو مووچەکە نییە. مووچەی هەرێمی کوردستان زیاترە لەوە".

ئەمڕۆ (هەینی 8-3-2019) لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و لەبارەی هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچە بڕیاریدا و رایگەیاند، لەم مانگەوە پاشکەوتی مووچە هەڵدەگیرێ.

لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی فیدڕاڵی بۆ هەرێمی کوردستان دەینێرێت، سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی گوتی: " ئەوەی ئەمڕۆ لە بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان دێت، کۆی گشتی 522 ملیار دینارە، ئەوەش هەموو مووچەکە نییە. مووچەی هەرێمی کوردستان زیاترە لەوە، تەکمیلەی ئەوە نزیکەی 881 ملیار دینارە و ئەوەی کە ماوە خۆمان وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینی دەکەین". 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی ''ئێمە هیوادارین لە گفتوگۆکانی خۆماندا لەگەڵ بەغدا بگەینە دەرئەنجامێکی باش و جارێکی دیکە هاووڵاتیانی ئێمە باجی هیچ کێشەیەکی سیاسی لەگەڵ بەغدا نەدەن".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: " خەڵکی کوردستان شایستەی خزمەتکرنی زۆر زیاترە لەوەی کە ئێستا هەبووە، ئەوەی خۆشتان دەزانن هۆکاری سەختی بابەتی پاشکەوتی مووچە پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نەبووە، بەڵکو لە دەرئەنجامی چەند شتێک دروستبوو؛ یەکەمیان: بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لەسەر بابەتی پاشکەوتی مووچە. دووەم: شەڕی داعش، هەزار و 100 کیلۆمەتر سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ دڕندەترین مونەزەمەی تیرۆریستی بووە لە عالەم. هەروەها دابەزینی نرخی نەوت و هاتنی یەک ملیۆن و 800 هەزار ئاوارە و پەنابەر بۆ هەرێمی کوردستان. ئەوانە ئەو هۆیانە بوون کە بووە هۆکاری ئەوەی ئێمە ئەو بڕیارە قورس و ناخۆشەی پاشکەوتی مووچە بدەین". 

نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بەوەش دەکات ''ئێمە لەم کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی هەرێمی کوردستان تەئکیدمان لەوەکردووەتەوە هەرێمی کوردستان زۆر جیدییە لەوەی کێشەکانی خۆی لەبواری دارایی و نەوت لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات".

لە کۆتایی قسەکانیشدا نێچیرڤان بارزانی سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد و گوتی: "دەمەوێت لێرە سوپاسێکی تایبەت بنێرم بۆ پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق، کە ئەوانیش لەو مەسەلەیەدا هەوڵیاندا و کۆششیان کرد کە پاشەکەوتی مووچە هەڵبگیرێت. سوپاسی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی دەکەم. بۆ تێگەیشتنی بەڕێزیان لەم بابەتە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆران وەکو هەموو عێراق سەیری کرد. سوپاسێکی تایبەتی د.فوئاد حوسێن وەک وەزیری دارایی عێراق کە لەگەڵ ئێمە هەوڵێکی باشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکاندا".