دەستەی نەزاهە مەلەفی ساڵێك ئاشكرادەكات


رووداو - هەولێر

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێ‌، لەچەند رۆژی داهاتوودا كار ‌و چالاكی ساڵی رابردووی دەستەكەیان ئاشكرادەكەن، ئەوەش دەخاتەڕوو هێشتا دوو وەزیری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەروەت‌ و سامانەكەیان ئاشكرا نەكردووە.

د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) ئاماژە بەوە دەكات، لەچەند رۆژی داهاتوو كار‌ و چالاكی ساڵی 2014 یان ئاشكرا دەكەن ‌و باس لەوەش دەكات، لەناو وەزیرەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تائێستا وەزیرانی (پێشمەرگە‌ و سامانە سرووشتییەكان) سەروەت ‌و سامانی خۆیان ئاشكرا نەكردووە.

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی دەڵێ: "لەگەڵ ئەو دوو وەزیر ‌و چەند بەڕێوەبەرێكی گشتی هەن، كە تائێستا سەروەت ‌و سامانەكەیان ئاشكرا نەكردووە، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە مایەی خۆشحاڵییە زیاتر 95%ی بەرپرسەكان فۆرمەكەیان گەڕاندووەتەوە‌و سامانەكەیان ئاشكراكردووە".

د.ئەحمەد ئەنوەر رەتیشیكردەوە لەكاتی بڵاوكردنەوەی كار ‌و چالاكی 2014یان سەروەت ‌و سامانی بەرپرسان ئاشكرابكەن، گوتی "كاتی خۆی پەرلەمان رێگەی بە ئێمە نەدا سەروەت‌ و سامانی بەرپرسەكان ئاشكرابكەین".

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا بەنیازن لەمساڵدا گۆڕانكاریی لە فۆڕمی ئاشكراكردنی سەروەت‌ و سامانی بەرپرسان بكەن، گوتیشی "هەتا لە بەرنامەماندایە فۆڕمەكە بە ئەلیكترۆنی بكەین".

یەكێك لەكارە سەرەكییەكانی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان دابەشكردنی فۆڕمی ئاشكراكردنی سەروەت سامانە بەسەر زۆر لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان.