بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان: خوێندن لە سنوورەکە دەستیپێکردووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان دەڵێت، خوێندن لە سنوورەکە دەستیپێکردووەتەوە تەنیا لە چەند گوندێکی سنووری کفری ماوە و خشتەی خوێندن دانراوە و پڕۆگرامەکانی خوێندن پوختکراونەتەوە. دەشڵێت، تاقیکردنەوەی هەردوو وەرزەکە دەکرێت.
 
دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: خشتەی خوێندنی ئەمساڵ دانراوە، پڕۆگرامەکانی خوێندن پوختکراونەتەوە، دوو مانگ وانە دەخوێندرێت و تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم دەکرێت.
 
بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، دەسەڵات دراوەتە مامۆستاکان بۆ پوختکردنەوەی وانەکان لە پۆلەکانی (4،5،6،7،8،10،11)، دوای تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم دوو مانگی دیکە وانە دەخوێندرێت و تاقیکردنەوەی وەرزی دووەم دەکرێت.
 
 
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان گوتیشی: لە 31/5 تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز دەکرێت.
 
لەبارەی چارەنووسی تاقیکردنەوەی پۆلەکانی (9،12)، دارا ئەحمەد گوتی: لە وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوەیەک دەکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی خوێندن و تاقیکردنەوەی ئەو پۆلانە لە سەرتاسەری کوردستان و یەک بڕیار بۆ هەموو کوردستان دەدرێت.