لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی دەربەندیخان-سلێمانی دوو کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

لە پێش توونێلی دەربەندیخان رووداوێکی هاتووچۆ روویدا و دوو کەس گیانیان لەدەستدا. 

رۆژی پێنجشەممە، 08-02-2024، سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کە باری سەوزە و میوەی پێبووە، کۆنترۆڵی لەدەستداوە و  لەپێش تونێڵەکە وەرگەڕاوە. 
 
بەگوتەی قایمقامی دەربەندیخان، بارهەڵگرەکە دوو سەرنشینی بە بنەچە عەرەبی تێیدا بووە و هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە. دەشڵێت: "هێشتا دیار نییە بە دیاریکراوی خەڵکی کوێن."
 
ئەو رووداوە لەکاتێکدایە، رۆژی 05ـی ئەم مانگە لەسەر رێگەی سەرەکیی دەربەندیخان- زەڕایەن نزیک گوندی سێدارە رووداوێکی هاتووچۆ روویدا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و شەش کەس بە سەختی بریندار بوون. 
 
هاوکات 17ـی کانوونی دووەمی 2024، لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەنێوان قەزاکانی کەلار و دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی، چوار کەس گیانیان لەدەستدا.
 
بەگوێرەی ئاماری هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 3 هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویاندا و لە ئەنجامیاندا 445 کەس گیانیان لەدەستدا و 7 هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.