پێشبینیی دەکرێت "شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین" هەرێمی کوردستان بگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی ئاسمان لە نیمچە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و لەکاتەکانی بەیانیی زوو لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان تەم دەبێت. کەشناسێکیش دەڵێت، هەفتەی داهاتوو شەپولێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 08-02-2024، بەشی کەشناسی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت سبەی هەینی ئاسمان لە نیمچە هەورەوە بگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لەکاتەکانی بەیانیی زووشدا لە هەندێک لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری دروستبوونی تەم هەیە بۆ ماوەیەکی کورت و لەکاتەکانی دوای نیوەڕۆ لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستان ئەگەری کەمێک تۆز و خۆڵ هەیە.
رۆژی چوارشەممە، 07ـی ئەم مانگە، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەفتەی داهاتوو دوو شەپۆلی بارانبارین دەستپێدەکەن؛ یەکەمیان دەکەوێتە دووشەممە و سێشەممە کە لاواز دەبێت؛ دووەم شەپۆل دەکەوێتە چوارشەممە و کۆتایی هەفتەی داهاتوو، کە زۆر بەهێز دەبێت و هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
محەممەد کەمال گوتی، بارانبارینی چوارشەممەی داهاتوو بەهێز دەبێت و مەترسیی دروستبوونی "لافاو"یش لە گەرمیان، سلێمانی، کەرکووک و هەولێر هەیە؛ ئەو شەپۆلی بارانبارینە تاوەکو 19ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو شارەزایەی کەشناسی، کەمترین بارانبارین کە پێشبینی دەکرێت چوارشەممە ببارێت، 50 ملم و زۆرترین 100 ملیم دەبێت. دەشڵێت، "ئەم مانگە بارانی باشمان دەبێت و زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە."
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی هەینی بەمشێوەیە دەبێت:
- هەولێر: 16 سیلیزی
- سلێمانی: 13 سیلیزی
- دهۆک: 15 سیلیزی
- کەرکووک: 18 سیلیزی
- هەڵەبجە: 15 سیلیزی
- زاخۆ: 15 سیلیزی
- سۆران: 11 سیلیزی
- حاجی ئۆمەران: 7 سیلیزی
- گەرمیان: 19 سیلیزی