گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی: نرخی بەنزین دادەبەزێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ نرخی بەنزین 25 دینار دادەبەزێت. بازرگانێکی بەنزینیش لە هەولێر دەڵێت، لەم مانگەدا نرخی بەنزین نزیکەی 70 دینار و لە دهۆکیش نزیکەی 60 دینار دابەزیوە. دابەزینی نرخی بەنزین لە کاتێکدایە، حکومەتی عێراق زیاتر لە مانگێکە هەناردەکردنی بەنزینی بۆ هەرێمی کوردستان راگرتووە.
رۆژی دووشەممە 08-01-2024 بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزین 25 دینار دادەبەزێت، بەوەش نۆرماڵ لە 900 دینارەوە دەبێتە 875، موحەسەن لە 1125 دینارەوە دەبێتە 1100 دینار، سوپەر لە 1275 دینارەوە دەبێتە 1250.
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخی بەنزین، بەهمەن شێخ قادر گوتی، "لە نزیکەی شەش بەنزینخانەی سلێمانی، بەنزینی 750 دیناریی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دابەش دەکرێت و کوالێتیی زۆر باشە، هاووڵاتیش زۆر لێی رازین."
دوو جۆر بەنزینی 750 دیناری لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێن، یەکێکیان لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت و ئەوی دیکە پشکی هەرێمی کوردستانە و حکومەتی عێراق بۆی دەنێرێت.
لە 01-12-2023وە حکومەتی عێراق بەنزینی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە. سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا بەنزینی حکومەتی عێراق راگیراوە، پێیان گوتین لە ئەگەری دەستپێکردنەوە ئاگادارتان دەکەینەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچیان نەگوتووە."
لەبارەی هۆکاری راگرتنی هەناردەکردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان، سەلام عومەر گوتی، "پێشتر دەگوترا گوایە بەغدا کێشەی تەکنیکی و حسابییان هەیە، بەڵام نازانین تاچەند راستە چونکە بە فەرمی هیچمان پێنەگوتراوە."
"لە هەولێر لەم مانگەدا نرخی بەنزین نزیکەی 70 دینار دابەزیوە"
ئەحمەد کەریم، خاوەنی بەنزینخانە لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەم ماوەیە نرخی بەنزین زۆر دابەزیوە و ئێستا نۆرماڵ نزیکەی 800 بۆ 810 دینارە، سوپەر بە 1350 و موحەسەن بە 1250 دینار دەفرۆشرێت.
جەنگی مەجید، بازرگانێکی سووتەمەنی بە رووداوی گوت، "دوێنێ لەگەڵ قایمقامی هەولێر قسەمان کرد بۆئەوەی هەفتەی داهاتوو نرخی بەنزین رێکبخرێتەوە، چونکە ئێستا نرخی سوپەر بە کۆ 1020، موحەسەن بە 900 دینارە، بۆیە دەبێت سوپەر لە بەنزینخانەکان بە 1200 و موحەسەن بە 1050 دینار بفرۆشرێت."
لەبارەی دابەزینی نرخی بەنزین جەنگی مەجید گوتی، "لەم مانگەدا نرخی بەنزین نزیکەی 70 دینار دابەزیوە، چونکە بازاڕ جووڵەی تێدا نییە و ئیش و کار کەم بووەتەوە؛ رۆژانە هەشت تانکەر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەهات، ئەوە مانگێکە ئەوەش راگیراوە."
لەبارەی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناریی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان؛ جەنگی مەجید گوتی، "رۆژانە 16 تانکەر دابین دەکات کە بە 750 دینار دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا پێشتر ئەوانیش رۆژانە 24 بۆ 25 تانکەریان دابین دەکرد."
لە پارێزگای دهۆکیش نرخی بەنزین نزیکەی 60 دینار دابەزیوە
ئەحمەد جەلال، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نرخی بەنزین لە دهۆکیش لەم مانگەدا نزیکەی 60 دینار دابەزیوە، ئێستا نۆرماڵ لەنێوان 730 بۆ 810 دینار، سوپەر لەنێوان 1150 بۆ 1200 و موحەسەن لەنێوان 990 بۆ 1000 دینارە.
بە گوتەی گوتەبێژی بەنزینخانەکانی دهۆک، هەناردەکردنی بەنزین لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ پارێزگای دهۆکیش راگیراوە، بەڵام دەنگۆیەک هەیە گوایە سبەی یان دوو سبەی دووبارە دەستپێدەکاتەوە، هەرچەندە زۆر کاریگەریی نابێت، چونکە ئێستا لە بەنزینخانە بازرگانییەکانیش نرخ دابەزیوە.
لەبارەی بەنزینی 750 دیناریی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ئەحمەد جەلال گوتی، "ئێستا رۆژانە 10 تانکەر بۆ 10 بەنزینخانەی سنووری پارێزگای دهۆک دێت."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بە 4 بۆ 5 ملیۆن لیتر بەنزینە.
ساڵی 2023 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەنزینی پاڵپشتیکراوی بە نرخی 690 دینار و 800 دینار بە هاونیشتمانییان دەفرۆشت، بەڵام لە 1ی ئایاری ساڵی رابردووەوە، بە بڕیاری وەزارەت نرخی بەنزینی 690 دیناری و 800 دیناری بوون بە 750 دینار بۆ هەموو جۆرەکانی ئۆتۆمبێل بە پاس، تاکسی و تایبەتیشەوە.