بڕیاری 10 نان و سەموون بە 1000 دینار لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت و لە سلێمانی هێشتا جێبەجێ نەکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری سەمونخانە و نانەواخانەکانی هەولێر دەڵێت، کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار کردووە و بڕیارە لە ئەمڕۆوە گاز و ئاردیان بە نرخی هەرزان بۆ دابین بکەن و لەگەڵ گەیشتنی گاز و ئاردەکەش 10 نان و سەموون بە کێشی 90 گرام بە هەزار دینار دەفرۆشن. نوێنەری نانەواخانەکانی سلێمانیش دەڵێت، کەس لەگەڵیان کۆنەبووەتەوە و بڕیارەکە لە سنوورەکەیان جێبەجێ نەکراوە.
 
کۆتایی ساڵی پار، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا نرخی نان هەرزان بکرێت و 10 نان و سەموون بە کێشی 90 گرام بکرێتە هەزار دینار، بڕیارەکە لە هەولێر چووەتە واری جێبەجێکردن و لە سلێمانی تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
 
رۆژی دووشەممە 08-01-2024 دلاوەر موحسین، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەمونخانەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ لە قایمقامیەتی هەولێر کۆبووینەوە و بەڵێن دراوە لیترێک گاز، کە ئێستا لە بازاڕەکان بە 590 دینارە، ئەوان بە 300 دینار دابینی بکەن و ئاردی داسیش کە ناوخۆییە و ئێستا بە 34 هەزار دینارە، بە 30 هەزار دینار و کەمتریش بۆمان دابین دەکەن."
 
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەمونخانەکانی هەولێر، بڕیارە ئەمڕۆ بڕیارەکە بچێتە واری جێبەجێکردن و گاز و ئاردیان بەدەست بگات و دەڵێت، "دوێنێ نوێنەرمان بۆ چەمچەماڵ ناردووە بۆئەوەی گاز بهێنن، کە گەیشت لە هەولێریش نوێنەرمان لەگەڵ دەبێت بۆ دابەشکردنی بەسەر سەمونخانەکان. ئیدی رۆژانە 70 هەزار لیتر گازمان بۆ دابین دەکەن و لەگەڵ گەیشتنی گازەکە و دابینکردنی ئارد بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت و پابەند دەبین."
 
دلاوەر موحسین گوتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت 10 سەمون بکرێتە 1000 دینار، کە کێشیان 900 گرام بێت یان هەشت سەمونی 112 گرامی بە هەزار دینار و دەکرێت دوو سەمونیش بە هەزار دینار بێت، بەڵام کێشیان 900 گرام بێت واتە، دەبێت 900 گرام بە هەزار دینار بێت، ئیدی ئەو 900 گرامە دەکرێتە 10 سەموون یان هەشت، ئەو دوو سەموونە گرنگ نییە.
 
پێشتر لە هەولێر 10 سەموون بە 1000 دینار بوو، بەڵام کێشی هەر سەموونێک 80 گرام بووە. سەرۆکی ئەنجوومەنی سەموونخانەکانی هەولێر دەڵێت، "تاوەکو ئێستا گازمان بەدەست نەگەیشتووە، بەدەستمان گەیشت پابەندی بڕیاری حکومەتین، بەڵام لە ئەگەری دابین نەکردنی گاز و هەرزان نەکردنی ئارد، ئەوە پابەند نابین."
 
تەها حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نانەواخانەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوێنێ نوێنەرمان چووەتە کۆبوونەوەکە و ئەگەر داواکارییەکان، کە باس کراوە، وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، ئێمەش پابەندی بڕیارەکە دەبین."
 
سەرەڕای دابینکردنی ئارد، گاز و داشکاندن لە نرخی کارەبا، سەرۆکی ئەنجوومەنی نانەواخانەکانی هەولێر دەڵێت، "پێویستبوو 8 نانی 100 گرامی بکرێتە هەزار دینار، چونکە جیاوازی هەیە لەنێوان نان و سەموون، کرێی نان زۆر گرانترە، بەڵام تازە بڕیارەکە دەرکراوە، ئەگەرنا پێویست بوو پێش بڕیارەکە رای نوێنەران وەرگیرابا، چونکە فرۆشتنی 10 نان بە کێشی 90 گرام، قورسە."   

 

دوێنێ لە قایمقامێتی هەولێر کۆبوونەوەیەک لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و تێیدا بڕیاردراوە گاز و ئارد بۆ خاوەن سەموونخانە و نانەواخانەکان دابین بکرێت بۆ ئەوەی 10 نان و سەموون بکرێتە هەزار دینار. 

 

نوێنەری نانەواخانەکانی سلێمانی: کەس لەگەڵمان کۆنەبووەتەوە و بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە
 
عوسمان فەرەج، نوێنەری نانەواخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار لە سلێمانی چی قایمقامیەت بێت یاخود ژووری بازرگانی، لەگەڵمان کۆنەبوونەتەوە تاوەکو بزانین ئەوان دەتوانن چیمان بۆ دابین بکەن و ئێمەش دەبێت پابەندی چی بین."
 
بە گوتەی نوێنەری نانەواخانەکانی سلێمانی بێت، تاوەکو ئێستا بڕیاری فرۆشتنی 10 نان لە سلێمانی نەچووەتە واری جێبەجێکردن و دەشڵێت، "نابێت ئارد بە 30 هەزار دینار دابین بکرێت، چونکە هیچ قازانجێکی لێ ناکەین و بگرە هەموو رۆژێک لە زەرەرداین."
 
لە هەولێر دوو جۆر نان دەفرۆشرێت، یەکێکیان چوار دانەی، کە کێشی 170 گرامە، بە 1000 دینارە و یەكێکی دیکەیان هەشت دانەی بە هەزارە، کە کێشی 90 بۆ 100 گرامە. لە بەشێک لە نانەواخانەکانی سلێمانیش هەشت نان، کە کێشی 100 گرامە و لە هەندێکی دیکە شەش نان، کە کێشی 130 گرامە بە هەزار دینارە، واتە هەردوو جۆر هەیە.
 
بڕیارە ئەمڕۆ لیترێک گاز بە نرخی 300 دینار و فەردەیەک ئارد بە 30 هەزار دینار بۆ سەموونخانە و نانەواخانەکانی پارێزگای دهۆکیش دابین بکرێت.