سەرۆکی کەنیسەی ئاشووری لە جیهان: باسی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە پێکەوەژیان بۆ سەرکردەکان دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کەنیسەی ئاشووری لە جیهان رایگەیاند، ئەگەر سەرۆکی وڵاتانی جیهان لە فەرەنسا ببینێت، باسی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان لەبارەی پێکەوەژیان بۆ دەکات.
قەداسەتی مار ئاوای سێیەم، سەرۆکی کەنیسەی ئاشووری لە جیهان، لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو لە فەرەنسا گوتی " ئەگەر ئەو دەرفەتەم هەبێت لە رێوڕەسمی کردنەوەی کاتێدرال نۆتردام سەرکردەکانی وڵاتانی دیکە ببینم، ئاماژە بە دۆخی باشی کریستیانەکان [لە کوردستان] و رۆڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە پاڵپشتیکردنی پێکەوەژیان لە کوردستان دەکەم."
گوتیشی "بەم دواییانە، بە دیاریکراوی لە مانگی ئەیلوول، گفتوگۆم لەگەڵ خودی سەرۆک ماکرۆن دا هەبووە لە بۆنەیەک کە بۆی بانگهێشتکرابووم، نانی ئێوارەمان پێکەوە خوارد، باسی پێکەوەژیانی کریستیان، موسڵمان و پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکەم لە کوردستان کرد. ئەویش زۆر دڵخۆش بوو بە بیستنی ئەوەی هەموومان بە ئاشتی لەگەڵ یەکدیدا دەژین."
قەداسەتی مار ئاوای سێیەم، لە هەڤپەیڤینەکەدا لەگەڵ رووداو، ئاماژەی بەوەکرد، "گفتوگۆم لەگەڵ پاپای ڤاتیکانیش سەبارەت بەم باسە کردووە، ئەویش بە هەمان شێوە زۆر دڵخۆش بوو. بەدڵنیاییەوە، ئەگەر ئەو دەرفەتەم پێدرا، ئەو جۆرە گفتوگۆیەم لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەش دەبێت."
قەداسەتی مار ئاوا، باسی گرنگیی بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنەوە بۆ پاریس کرد و گوتی "پەیوەندییەکی زۆر بەهێز لەنێوان هەردوو سەرۆکەکەدا هەیە. پێموایە ئەمە دەرفەتێکە بۆ هەموو ئەوانەی لە کوردستان دا دەژین، بە کورد، ئاشووری، ئێزدی، تورکمان و ئەوانەی دیکەشەوە کە هەست بکەن لەم بۆنە گرنگەدا لەلایەن سەرۆک نێچیرڤان بارزانییەوە نوێنەرایەتی دەکرێن. داننان [بە کوردستان] لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە شتێکی زۆر گرنگ و مێژووییە."
سەرۆکی کەنیسەی ئاشووری لە جیهان، لەبارەی بانگهێشتکردنی خۆشییەوە دەڵێت "پێموایە ئەمە ساتێکی مێژووییە بۆ هاووڵاتییانی فەرەنسا و بێگومان پەیوەندییەکی لەمێژینە لەنێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان هەیە. پێموایە بانگهێشتەکە لەکاتێکی زۆر گرنگدایە بۆ ئامادەبوون لێرە و نوێنەرایەتیکردنی یەکێک لە کۆنترین کەنیسەکان لە عێراق، بە دیاریکراویش کوردستان."
دەقی هەڤپەیڤینەکەی قەداسەتی مار ئاوای سێیەم، سەرۆکی کەنیسەی ئاشووری لە جیهان لەگەڵ رووداو:
رووداو: بەڕێز قەداسەتی پاتریاک، بەڕێزتان ئاگادارن کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو 50 سەرۆک و سەرکردەی جیهان کە بە فەرمی بانگهێشتکراوە بۆ ئامادەبوون لەو رێوڕەسمە. ئایا ئەمە تاوەکو چەند بۆ هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرنگە، ئەمە چ مانایەک دەگەیێنێت کە فەرەنسا سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتکردووە؟
قەداسەتی مار ئاوای سێیەم، سەرۆکی کەنیسەی ئاشووری لە جیهان: پێموایە بانگهێشتی سەرۆک ماکرۆن بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەهەمان شێوە گرنگە. وەکو گوتم، پەیوەندییەکی لەمێژینە لەنێوان فەرەنسا و کوردستان هەیە. هەروەها، پەیوەندییەکی زۆر بەهێز لەنێوان هەردوو سەرۆکەکەدا هەیە. پێموایە ئەمە دەرفەتێکە بۆ هەموو ئەوانەی لە کوردستان دەژین، بە کورد، ئاشووری، ئێزیدی، تورکمان و ئەوانەی دیکەشەوە کە هەست بکەن لەم بۆنە گرنگەدا لەلایەن سەرۆک نێچیرڤان بارزانییەوە نوێنەرایەتی دەکرێن. داننان [بە کوردستان] لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە شتێکی زۆر گرنگ و مێژووییە.
رووداو: بەڕێزتان رۆڵ و پێگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن لە پێکەوەژیانی ئایینەکان؟ ئەم پێکەوەژیانە بەراورد بە شارەکانی دیکەی عێراق چۆن دەبینیت؟
قەداسەتی مار ئاوای سێیەم، سەرۆکی کەنیسەی ئاشووری لە جیهان: بێگومان سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، رۆڵێکی زۆر کاریگەری لە ژیانی هەموو کەمینە و لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هەبووە. وەکو ئەندامانی ئایینە جیاوازەکان توانیومانە بە ئاشتییانە وەکو خوشک و برا بەیەکەوە لە کوردستان بژین. دووبارە دەمەوێت بڵێم کە سەرۆک [نێچیرڤان بارزانی] رۆڵێکی گەورەی هەبووە و ئەمەی بە چەند هەنگاو و رێکارێکی کۆنکرێتی کردووە، لەوانە پاڵپشتیکردنی کریستیانەکان، کەنیسەکان، کەنیسەی ئاشووری و کەنیسەی کلدانی. بەو هۆیەوە توانیومانە لەگەڵ خوشک و برا موسڵمانەکان لە ئاشتی و ئارامیدا بژین، ئەمەش بووەتە هۆی پێکەوەژیانێکی ئاشتییانە. لەم سەردەمەدا، رۆڵی ئەو مێژوویی بووە لەمەدا کە نموونەیەکی جوانە بۆ بەشی زۆری وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە دەتوانن سوود لەم ئەزموونە ببینن.
رووداو: ئەمڕۆ ئەو دەرفەتەتان دەبێت لەگەڵ سەرۆکی 50 وڵات، لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باسی ئەم رۆڵە گرنگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکەوەژیان تێیدا بکەن؟
قەداسەتی مار ئاوای سێیەم، سەرۆکی کەنیسەی ئاشووری لە جیهان: بێگومان، ئەگەر ئەو دەرفەتەم هەبێت لە رێوڕەسمی کردنەوەی کەنیسەی رۆتەردام سەرکردەکانی وڵاتانی دیکە ببینم، ئاماژە بە دۆخی باشی کریستیانەکان و رۆڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە پاڵپشتیکردنی پێکەوەژیان لە کوردستان دەکەم. بەم دواییانە، بە دیاریکراوی لە مانگی ئەیلوول دا، گفتوگۆم لەگەڵ خودی سەرۆک ماکرۆن هەبووە لە بۆنەیەک کە بانگهێشتکرابووم بۆی، نانی ئێوارەمان پێکەوە خوارد، باسی پێکەوەژیانی کریستیانەکان، موسڵمانەکان و پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکەم لە کوردستان کرد. ئەویش زۆر دڵخۆش بوو بە بیستنی ئەوەی کە هەموومان بە ئاشتی لەگەڵ یەکدا دەژین. گفتوگۆم لەگەڵ پاپای ڤاتیکانیش سەبارەت بەم باسە کردووە، ئەویش بە هەمان شێوە زۆر دڵخۆش بوو. بەدڵنیاییەوە، ئەگەر ئەو دەرفەتەم پێدرا، ئەوا ئەو جۆرە گفتوگۆیەم لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەش دەبێت.
رووداو: ئاڵۆزییەکانی سووریا زیادیانکردووە. رۆڵی کەنیسەکانی ئەو وڵاتە چییە لە پاراستنی کریستیانەکان لەو ئاڵۆزییانەی وڵاتەکە؟
قەداسەتی مار ئاوای سێیەم، سەرۆکی کەنیسەی ئاشووری لە جیهان: بێگومان وەکو کەنیسەی ئاشوورییەکان لە رۆژهەڵات لەگەڵ بارەگای سەرەکیمان لە هەولێر و وڵاتانی دیکەی جیهان، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێرییەکی نزیکی ئەو پێشهاتانە دەکەین کە لە سووریا روودەدەن. لە داهاتوویەکی نزیکدا، نەک تەنیا کاریگەری لەسەر کریستیانەکان بەڵکو بۆ هەموو وڵاتەکە هەیە. بۆ هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ لە سووریان، نوێژ و نزادەکەین کە چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ زیادبوونی گرژییەکان هەبێت کە لە ساڵی 2011ـەوە دەستیان پێکردووە. هەموو کات پاڵپشتیی خەڵکی خۆمان لەوێ کردووە، نەک تەنیا لە رووی مادییەوە بەڵکو لە رووی رووحی و گەیاندنی داواکانیان بە وڵاتانی دیکەشەوە. لە شوباتی 2015، زیاتر لە 240 هاووڵاتیی کریستیانی سووریا لە نزیک رووباری خابوور لەلایەن پاشماوەکانی داعش و ئەوانەی لێیانەوە نزیکن رفێندران. ئاگاداری ئەو مەترسییانەین کە دەکرێت لە داهاتوودا رووبەڕووی ببنەوە. بە نزاکانمان پاڵپشتی خەڵکی ئەوێ و ئاشتی لە سووریا دەکەین.
رووداو: دوایین پرسیار، ئایا دەستەی تەحریر شام هیچ زیانێکی بە کریستیانەکان نەگەیاندووە؟
قەداسەتی مار ئاوای سێیەم، سەرۆکی کەنیسەی ئاشووری لە جیهان: زانیاری نوێ و وردمان سەبارەت بە کاریگەری دەستەی تەحریر شام و جموجۆڵەکانیان لەسەر بارودۆخی کریستیانەکان و کەمینەکانی دیکە لە سووریا نییە. هیواخوازین و نزادەکەین کە هەموو خەڵکی سووریا، نەک تەنیا کریستیانەکان، بەڵکو کەمینە و پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکەش سەلامەت بن و دووربن لە مەترسی. ئەمەی ئێستا لە سووریا روودەدات کێشەیەکی سیاسیی ئاڵۆزە. هەموو کات بینیومانە کەمینەکان زۆرترین کاریگەری و مەترسییان لەو دۆخانە لەسەر بووە. نزا دەکەین ئەمە روونەدات، بەڵام هیچ زانیارییەکی ورد و نوێمان نییە.