ئەنجوومەنی وەزیران: رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە تەواوبوون

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە تەواوبوون و بەمنزیکانە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت. دەشڵێت، لەبارەی سێ مووچەی فەرمانبەران، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نامەیەکی فەرمی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 07-12-2023 ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە شاری کەرکووک رایگەیاند، "رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە تەواو بووە و بەمنزیکانە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".
 
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 9، 10، 11ی فەرمانبەران دابەشنەکراوە و بڕیارە بەغدا تەنیا گوژمەیەکی دیکەی 700 ملیار دینار بنێرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش مووچەی مانگی ئەیلوولی پێ بدات.
 
 لەبارەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵیش، ئومێد سەباح گوتی، "مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نامەیەکی فەرمی بۆ محەممەد شیاع سوودانی ناردووە و ئەو بابەتەش ئێستا بووەتە بابەتێکی ستراتیژی و گرنگ و خاڵی یەکەمی گفتوگۆکانمانە".
 
لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی، "گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی گشتگیرن لەسەر بودجە، نەوت و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بەرەو ئاراستەی باش دەڕۆن و لەگەڵ ئەم حکومەتە دەرگای باش بۆ گفتوگۆکردن کراوەتەوە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیک بگەڕێنەوە بەغدا بۆ باسکردنی ئەو مەلەفانەی کە هەیە".
 
14ـی ئەیلوولی 2023 شاندێک بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر کە تایبەتن بە مووچە سەردانی بەغدایان کرد، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبوونەوە.
 
دوای سەردانەکە بەغدا بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتا مانگانە 700 ملیار دینار، ئەمەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
حکومەتی عێراق رایگەیاند، بۆ تەواوی ئەمساڵ سێ قەرزی 700 ملیاری بۆ مانگەکانی 9، 10 و 11ـی 2023 بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوان دابەشکردنی مووچە لە مانگی تەمموزەوە دەستپێدەکەن و مووچەکانی دیکەش بۆ مانگەکانی ئاب و ئەیلوول دەبێت واتا تاوەکو ئێستا دیار نییە بۆ مانگەکانی 10، 11 و 12ـی 2023 بەغدا قەرز بە هەرێمی کوردستان دەدات یاخود نا. 
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، جگە لە خەرجیی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا، بڕیارە ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروست دەبێت، لە داهاتی نێوخۆ پڕبکرێتەوە.