لە دیلۆک 26 'کۆچبەری نایاسایی' دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان 26 کۆچبەر دەستگیرکران کە بە نایاسایی چونەتە ئەو پارێزگایە و سێ کەسیش بە تۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران دەستبەسەرکران.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی دیلۆک بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2023 تیمەکانی هۆبەی دەروازە سنوورییەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی دیلۆک، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئۆپەراسیۆنێکیان کردووە.
تیمەکان لەکاتی پشکنینی ئۆتۆمبێلێکدا 26 کۆچبەری بیانییان دەستگیرکرد، هەروەها سێ کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەران دەستبەسەرکران.
کۆچبەرە دەستگیرکراوەکان رادەستی یەکەی پەیوەندیدار کران بۆ دیپۆرتکردنەوەیان.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە 12ـی تشرینی یەکەمی 2023 ـدا رایگەیاند، تەنیا لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا 112 هەزار و 404 کۆچبەری نائاسایی دەستگیرکراون، 48 هەزار و 339 لەو کۆچبەرانە دیپۆرتکراونەتەوە.