دیاردەی 'پەڵەڕەشەکە' لە ئاسمانی هەولێر مەترسی لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییان دروستکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژانە دیاردەیەکی نامۆ لە ئاسمانی هەولێر دەبینرێت و پێی دەگوترێت، "پەڵەڕەشەکەی هەولێر"، ئەو دیاردەیە هەندێک رۆژ دەگاتە بەرزترین ئاستی خۆی هۆکارەکەشی پەیوەندی بە پیسبوونی کەشوهەواوە هەیە بە تایبەتی کارکردنی بەردەوامی موەلیدە ئەهلییەکان.
 
د. هونەر عەبدوڵڵا، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی کەشوهەوایە لەبارەی ئەو دیاردەیەوە بە رووداوی گوت، "لە نێوان شەش تاوەکو 20ـی نۆڤەمبەر کە کارەبا لەوپەڕی خراپی بوو و زیاتر پشت بەسترا بە موەلیدە حکومییەکان، دەبینی رێژەی پیسبوونی هەوا بە رێژەیەکی مەترسیدار بەرزبووەتەوە. لە 27ـوە تاوەکو ئەمڕۆ دیسان دەستی پێکردووەتەوە و کاریگەرییەکەی لەسەر پیسبوونی هەوا زیاتر بووە. بە پێی داتاکان لە ساڵی 2022 عێراق لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی دووەمە لە پیسبوونی کەشوهەوا."
 
هەر بە پێی داتاکان لە کاژێرەکانی 7 و11 بەیانی، 4ـی ئێوارە تاوەکو 12 شەو زۆرترین گازی ژەهراوی هەیە و بوونەتە هۆکاری زیادبوونی نەخۆشییە جیاوازەکان.
 
د. بێستوون مستەفا، پسپۆڕی نەخۆشییە هەناوییەکانە و دەڵێت، "20 بۆ30 ساڵ پێش ئێستا دەگوترا هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان 90%ـی بەهۆی جگەرە بووە کەچی دەبینی 50%ـی ئەوانەی کە ئێستا شێرپەنجەیان هەیە جگەرە ناکێشن، پێشووتر لە ئافرەتان هەر نەبوو، بەڵام ئێستا زۆرە و بە پێی توێژینەوەی ناوەندە زانستییەکان ئەو شارانەی کە کوالێتی هەوا تێیدا نزمە خەڵکەکەی هەمووی بە جگەرەکێش دادەنرێت."
 
هاونیشتمانییانی هەولێر باسی پیسبوونی کەشوهەوای شارەکە و ئەو نەخۆشی و گرفتانە دەکەن کە بەهۆی پیسبوونی هەوای شارەکەیانەوە تووشی بوون. 
 
کاکل محەمەد هاونیشتمانییەکە لە هەولێر گوتی، "دەزانیت بۆ وایە، من لە زۆر مەجلسی گەورە دادەنیشم 10 کەس جگەرە دەکێشێت و من نایکێشم مادام هەروا حسابی بکە منیش دەیکێشم."
 
وەیسی محەممەد مامۆستایە لە هەولێر دەڵێت، "لە دوورەوە کە سەیری هەولێر دەکەیت بەرگێکی گازی زۆر ئاسمانی داپۆشیوە، تەنانەت ساڵی رابردوو زۆربەی منداڵانی ساوا نەخۆش کەوتن یەک لەوانە منداڵی خۆم کە تووشی کەمی ئۆکسجین بوو و دەردێکی کوشندەی گرت، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو هەوایە بوو."
 
لە هەولێر یەک ملیۆن و 136 هەزار ئۆتۆمبێل هەن و لە سەنتەری شاری هەولێر، هەزار و 130 موەلیدەی ئەهلی رۆژانە کارەبا دەدەنە هاونیشتمانییان.
 
زۆری موەلیدە ئەهلییەکان و زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل و کەمی رێژەی سەوزایی لە هۆکارەکانی پیسبوونی کەشوهەوای هەولێرن و تاوەکو کاتێک ئەم کێشانە چارەسەر نەکرێت ئەو گازە ژەهراوییەی کە رۆژانە بە ئاسمانی هەولێرەوە دەیبینین دەبێتە بەشێک لە دڵ و هەناوی هاووڵاتییان.