لە دهۆک بەشەخۆراکی شەش هەزار خێزان بڕدراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی دهۆک رایگەیاند، بەهۆی کارانەکردنەوەی پسوولەی خۆراک، نزیکەی شەش هەزار خێزان لە دهۆک، لە پێدانی دوایین بەشەخۆراکی ئەم ساڵ بێبەش کراون.
رۆژی پێنجشەممە 07-12-2023، حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیکەی 13 هەزار خێزان لە دهۆک پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراکیان کارانەکردبوو، بەڵام لەماوەی رابردوو نزیکەی حەوت هەزاریان سەردانیان کردووە و پسوولەکانیان کاراکردووە و بەشەخۆراکیان بۆ گەڕاوەتەوە".
بەگوتەی بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی دهۆک، لە کۆی 13 هەزار کەس نزیکەی شەش هەزاریان پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراکیان کارانەکردووە، ئەوانە مانگی کانوونی دووەم دوایین دەرفەتیان بوو، بۆیە 10یەم بەشەخۆراکیان راگیراوە، تاوەکو ئەوکاتەی سەردان دەکەن و کارای دەکەنەوە.
حوسێن سەبری دەڵێت، "هەر خێزانێک بەشەخۆراکی بڕدرابێت و سەردانمان بکات ناوی دەنووسرێت و پسوولەی دەکرێتە ئەلیکترۆنی و بەشەخۆراکەکەی پێدەدرێت، بەڵام ئەو شەش هەزار کەسە تازە بەشەخۆراکی ئەم مانگەیان فەوتاوە و دەبێت مامەڵەکانیان بۆ مانگەکانی داهاتوو بکەن".
رۆژی 16ـی ئایاری 2023 بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکرد. حوسێن سەبری دەڵێت، 281 هەزار خێزان لە دهۆک فۆرمی خۆراکیان هەیە، نزیکەی 275 هەزاریان کراونەتە ئەلیکترۆنی.