ئیتلاعاتی ئێران دەڵێت حیزبەکانی رۆژهەڵات لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانی کۆبوونەتەوە و ئەوانیش رەتیدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئیتلاعاتی ئێران دەڵێت، "بەرپرسانی حکومەتی ئەڵمانیا لەگەڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستاندا کۆبوونەتەوە و هەندێک بڕیاریان داوە" و هەڕەشە دەکات "ئەمە وەڵام دەدرێتەوە." لە بەرامبەردا حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەو قسانە رەتدەکەنەوە.
ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئێران کە ئەمڕۆ چوارشەممە 07-12-2022 بڵاوبووەتەوە، گوتی: "لەم دواییانەدا بەرپرسانی حکومەتی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەگەڵ چەکدارە جوداخواز و تیرۆریستەکاندا کۆبوونەتەوە و هەندێک بڕیاریان داوە."
ئیسماعیل خەتیب هەڕەشە دەکات و دەڵێت، "بێگومان وەڵامی ئەوە دەدرێتەوە. کەواتە زۆر سرووشتییە و چاوەڕوان دەکرێت، ئەنجامەکەی ببینین."
وەزیری ئیتلاعاتی ئێران ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو وڵاتانەی پشتیوانی لە ئاژاوە و ئاژاوەگێڕییەکان [ناڕەزایەتییەکانی ئێران] دەکەن و پلانی بۆ دادەنێن، خۆشیان گیرۆدەی دەبن."
رەزا کەعبی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ئەو هەواڵەی رەتکردەوە و گوتی: "حیزبەکانی ناوەندی هاوکاری کوردستانی ئێران، هیچ دانیشتن و کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیادا نەبووە و ئەو قسانەی وەزیری ئیتلاعات هیچ بنەمایەکی نییە."
پێشتریش وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران و رێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا گوتیان، "تیمێکی رێکخراوی هەواڵگریی ئەمریکا بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە، لە رۆژی 20-09-2022 لە هەولێر سەردانی بنکەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان کردووە و داوایان لێیان کردووە لە ناڕەزایەتییەکاندا رۆڵ بگێڕن."
کەمال کەریمی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، رۆژی 28-10-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەواڵی هەبوونی کۆبوونەوەمان لەگەڵ سی ئای ئەی ئەمریکی هیچ بنەمایەکی نییە و سەرلەبەری درۆیە و ئێمە پێویستمان بەوە نییە هاوکاریی لە سی ئای ئەی و مۆساد وەربگرین."
ئەمڕۆ نزیکەی 80 رۆژە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ و خەڵکی سەقز دەستیپێکرد.
دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کە دواتر باوکی بە رووداوی گوت، لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوایان لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد رۆژی 19-09-2022 مان بگرن و ناڕەزایەتی دەرببڕن. ئەگەرچی هەر لە رۆژی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینییەوە لە 17-09-2022 لە سەقز ناڕەزایەتی دەربڕدرا.
لەو کاتەوە چەندینجار حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوایان لە خەڵک کردووە ناڕەزایەتی دەرببڕن و بێنە سەر شەقامەکان، بەڵام خۆیان لە تووندوتیژی بەدوور بگرن.
لە بەرامبەردا سوپای پاسداران 3 جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشیکردووەتە سەر بنکەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان.