قائیمقامی قەزای ئامێدی: فڕۆکەکانی تورکیا دووجار لەسەریەک بەرێ سیلێیان بۆردوومان کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

پەیامنێری رووداو رایگەیاند، فڕۆکەکانى تورکیا دووجار لەسەریەک ناوچەی بنارى بەرێ سیلێیان لە چیایى مەتین لەنزیک سەنتەرى قەزای ئامێدیى بۆردوومان کرد؛ قائیمقامى قەزای ئامێدى دەڵێت، خەڵکى سڤیل بەرنەکەوتوون، بەڵام زیانەکانى دیکە تاوەکو ئێستا نەزانراوە.

ئیسماعیل مستەفا، قائیمقامى قەزای ئامێدی بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 02:10 خولەکی دوای نیوەڕۆى ئەمڕو فڕۆکەکانى تورکیا دووجار لەسەریەک بنارى بەرێ سیلێیان لە چیای مەتین لەنزیک سەنتەرى قەزای ئامێدى بۆردوومان کرد، بەو هۆیەشەوە ترس بۆ خەڵکی ناوچەکە دروستبووە.
 
دەربارەى زیانەکان، قائیمقامى قەزای ئامێدى رایگەیاند، هیچ زیانى گیانى لە خەڵکى سڤیل نەبووە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو شوێنە نائارامە، تاوەکو ئێستا زیانەکانى دیکە نەزانراوە.

شەوى رابردووش فڕۆکەکانى تورکیا نزیک گوندەکانی بانکا سەروو و بانکا خواروویان لە سنوورى ناحیەی باتیفا بۆردوومان کرد و بەهۆى ئەو بۆردوومانەوە کارەبای ئەو دوو گوندە پچڕاوە.