لەو شوێنانەی کارەبایان کراوەتە 24 کاژێری خواست لەسەر بەکارهێنانی 40٪ کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
لەو گەڕەک و ناوچانەی کارەبایان کراوەتە 24 کاژێری، خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا 40٪ کەمیکردووە، ئەوەش بەشێکە لە پێکانی ئامانجی پرۆژەی رووناکی، ئەو پرۆژەیەی حکومەت دەیەوێت 24 کاژێر لە رێگەی کارەبای نیشتیمانییەوە هەرێمی کوردستانی پێ رووناک بکاتەوە.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەگەر ئەم 40٪ بۆ تەواوی هاوبەشانی هەرێمی کوردستان راست بێ، بێگومان هەموو هاوبەشانی کارەبا هەمووی ماڵان نین، شوێنە بازرگانییەکان، گەشتیارییەکان، کشتوکاڵییەکان، ئەوانەی لێدەربهێنە، بە دڵنیاییەوە ئێستا کە ئێمە لە زستاندا دەگەینە حەوت هەزار مێگاوات یاخود لە هاویندا دەگەینە نزیکەی شەش هەزار مێگاوات، ئەوکات کە 40٪ دابەزێت واتە ئێمە لە شەش هەزار مێگاوات نزیکەی دێینە نزیکەی سێ هەزار و 800 و چوار هەزار لە حەوت هەزارەکە دێینە نزیکەی چوار هەزار و 500 بۆ پێنج هەزار. هەر بەو شێوەیە دەبێت."
ئێستا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 900 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن، لەو ژمارەیە 70 هەزار هاوبەش کارەبایان 24 کاژێرییە، کە دەکاتە ٪3.6.
جگە لە کەمبوونەوەی بڕی بەکارهێنانی کارەبا، لەو گەڕەک و ناوچانەی کارەبا بووەتە 24 کاژێر، بەراورد بە پێشتر کرێی کارەباش کەمبووەتەوە، بە تایبەتی ئەوانەی بەگوێرەی پێویست کارەبا بەکاردەهێنن.
پێشتر ئازاد بۆ خانووە 100 مەترییەکەی لە گەڕەکی بەهاری نوێی هەولێر، جگە لە کارەبای نیشتمانی، 4 ئەمپێر کارەبای موەلیدەشی هەبوو، ئێستا تەنیا کارەبای نیشتیمانیی 24 کاژێری هەیە و کەمتر کرێی مانگانە دەدات.
ئازاد شکور پێشمەرگەیە و هاوبەشی کارەبایە، دەڵێت: "پێشتر چوار ئەمپێرم هەبوو. لەگەڵ کارەبای نیشتمانی نزیکەی 80 تاوەکو 90 هەزار دینارم دەدا. ئێستا بەبێ داشکاندنەکەی، 50 تا 60 هەزار دینار دەدەم. بەڵام ئێستا ئەو سێ مانگە داشکاندنی تێدایە، زۆر کەمتر دەدەین. 25٪ـی پارەکەی بۆم دەگەڕێتەوە. دەتوانم بکەمە خەرجیی شتێکی دیکە.
ئێستا لە هەولێر هەریەک لە گەڕەکەکانی شادی، بەهاری نوێ، نێرگز، نازناز، بەختیاری و زۆربەی سیتییەکان، کارەبای 24 کاژێرییان هەیە. ئەو پڕۆژەیەی لە دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجەش ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی کراوە.
حکومەت لەپلانیدایە لەماوەی دوو ساڵ دا کارەبای سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکاتە 24 کاژێر.