ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵایە و دەتوانن بڕیار بدەن

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند، پێكهاتەی شاندی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتی هاوسەنگە و لەسەر ئاستی باڵایە و هەردوولا دەتوانن بڕیاربدەن بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرووی خۆیان.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 07-11-2023، یەکێتی و پارتی بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کۆدەبنەوە. لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان میوانی بووڵتەنی نوورۆژی رووداو بوو کە نالین حەسەن و زانا کایانی پێشکێشی دەکەن و لەبارەی گرنگیی کۆبوونەوەکە گفتوگۆیان کرد. 
 
لەتیف نێروەیی رایگەیاند: "هەندێک هەلومەرج و بارودۆخ لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان وا دەخوازێت ئەو دوو لایەنە کۆببنەوە و بگەنە لێکتێگەیشتن بە نموونە شەڕی ئیسرائیل و حەماس کاریگەرییەکەی گەیشتووەتە عێراق و پێویستە گفتوگۆ بکرێت لەبارەی شێوازی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە دەرهاوێشتەکانی ئەو شەڕە."
 
بە گوتەی لەتیف نێروەیی، پێکهاتەی شاندی یەکێتی و پارتی پێکهاتەیەکی هاوسەنگە و لەسەر ئاستی حکومی و حیزبییە و توانای بڕیاردانیان هەیە بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ سەرووی خۆیان و بەرپرسی حکومی هەردوولاش بەشدارن، چونکە بەشێکی بابەتەکان پەیوەستە بە حکومەتەوە کەواتە هەردوولا دەتوانن دانوستاندنێکی جدی بکەن.
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی پێیوایە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کێشەی مووچە و بودجە، بایکۆتی مامۆستایان لە دوو پارێزگای هەرێمی کوردستان وادەخوازێت هەموو لایەنە سیاسییەکان دەست بە دانوستاندن بکەن.
 
بڕیارە لە 18ى کانونى دووەمی 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت، لەبارەی گرنگی هەڵبژاردنەکە، لەتیف نێروەیی  گوتی: "ئەم هەڵبژاردنە بۆ گەلی کوردستان هەستیارە و بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی، نەتەوەیی، نیشتمانی و ئەخلاقی دەخاتە سەر شانی هێز و لایەنە سیاسییەکان، چونکە ئەمە تەنیا پەیوەست نییە بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان."
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی گوتشی، "وا دەخوازێت ئەم دوو هیزە سەرەکییە بە وردی بابەتی هەڵبژاردنی ناوچە دابڕێنراوەکانیش تاوتوێ بکەن و خۆیان ئامادەبکەن بۆ بانگەشەیەکی هێمنانە و کارێک بکەن زۆرترین کورد لە ناوچە دابڕێنراوەکان روو بکەنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بەشێوەیەک سەیری پڕۆسەکە بکەین کە پێویستە کورد زۆرترین دەنگ بهێنێت و ئیدارەیەک بێتە کایەوە کە دۆخی ئێستا کۆتایی پێ بهێنێت و ببێتە هۆکاری چارەسەرکردنی کیشەکان."
 
بڕیارە رۆژی 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، کە یەکەمجارە ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەدەچێت و سەرپەرشتی دەکرێت، هەرلەوبارەوە، زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان  لەدادگەی فیدراڵی عێراق دژی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان سکاڵای تۆمارکردووە.
 
زیاتر لە مانگێکە مامۆستایان، فەرمانبەران و وانەبێژان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەرین و گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و داوای خەرجکردنی مووچەکانیان، پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژان دەکەن. 
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی لەوبارەوە گوتی: "یەکێتی لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایان و چارەسەرکردنی گرفتی مووچەیە و لەگەڵ ئەوەیە مافی مامۆستایان و فەرمانبەران دابین بکرێت ئەو کات بایکۆتیش نامێنێت."
 
دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 27-09-2023 یەکەم کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتییە.
 
رۆژی دووشەممە، 06-11-2023، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوت، "بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردنە لەسەر ئەو ماوەیەی یەکێتی و پارتی ناکۆکییان هەبووە قسە لەسەر رەگەزی ئەو ناکۆکییانە و شێوازی چارەسەرکردنیان دەکرێت".
 
گوتەبێژی یەکێتی گوتیشی: "رێککەوتنی ستراتیجی و رێککەوتنی ساڵی 2019ـەمان هەیە کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێ دامەزراوە، ئەم دوو رێککەوتنە و رێککەوتنەکانی دیکەش کۆدەکەینەوە و دەبێ ئەو رێککەوتنانە دەوڵەمەند بکرێن."