لە چەولیگ هاوسەرۆکێکی هەدەپ و 17 کەسی دیکە دەستبەسەر کران

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا لە پارێزگای چەولیگی باکووری کوردستان، لە ماوەی دوو رۆژدا هاوسەرۆکێکی هەدەپ و 17 کەسی دیکە دەستبەسەر کراون.
 
تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی خارپێت بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2023 لە ناوەندی شاری چەولیگ و شارۆچکەکانی داراهێنێ، کانی رەش و بۆنگلان هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ و چەند کەسێکیان دەستبەسەر کرد.
 
هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنەکانی دوێنێ و ئەمڕۆدا 18 کەسیان دەستبەسەر کردووە، لە نێویاندا عوبەید ئۆزەر، هاوسەرۆکی رێکخستنەکانی شارۆچکەی بۆنگلانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان – هەدەپ هەیە. سەرجەم ئەوانەی دەستبەسەر کراون لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگا راگیراون.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیاری 'نهێنی' سەبارەت بە دۆسیەی لێکۆڵینەوەکە دراوە و سنووردارکردنێک بۆ پارێزەران سەپێندراوە.
 
ناوی بەشێک لە دەستبەسەرکراوەکان بەمشێوەیە: عەلائەدین نارنچ، عەبدولڕەحمان ساڤ، شەفیقە دۆغان، مەهتاپ ئەرگی، مەزڵوم سەرینیەل، ئیسماعیل ئاندان، یونس سۆنمەز، سەعادەت ئارسڵان، روکەن یغیت، توبا دەمیر، حەسەن ئاکیۆڵ، ئەحمەد دوملو، کیامەت باغڵی، ڤەسیلە سایاک، توتەم چکارای و کەسێکی دیکە کە ناوی نەزانراوە و پاشناوی بۆغاتەکین-ە.
 
دوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە یەکی تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا لە ئەنقەرە کە پەکەکە لە ئەستۆی گرت، لە ناوخۆی تورکیا چەندین کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی و لایەنگری بۆ پەکەکە دەستگیرکراون، کە زۆربەیان ئەندام و لایەنگری هەدەپە و هەدەپ-ن.