دژەتیرۆری کوردستان: بە سێ درۆن هێرشکراوەتە سەر هاوپەیمانان لە هەولێر

رووداو دیجیتاڵ

پەیجی دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، "بە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو" لە دوو کاتی جیادا هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەولێر.
 
پەیجی دژەتیرۆری کوردستان بڵاوی کردووەتەوە: "بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2023، لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە ئاسماندا تەقێندرانەوە."
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە دژەتیرۆر بڵاویکردووەتەوە، "لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر هەمان شوێن، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بەنەتەقیوی کەوتووەتە خوارەوە."
 
بەیانی سێشەممە وێبسایتی فەرمیی فڕۆکەخانەی هەولێر گەشتێکی دواخست، کە لە قاهیرەوە دەهاتە هەولێر و گەشتێکیشی هەڵوەشاندەوە کە لە دەوحەوە دەهات.
 
رۆژی سێشەممە ئەحمەد ھۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بە ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاند: "دوای ھێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بۆ ماوەیەکی کاتیی راگیران، بەڵام ئێستا گەشتکردن ئاسایی بووەتەوە و بەردەوامە".
 
رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن بە میدیای ئەمریکای راگەیاند، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە 38 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و بەهۆیانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندیان "بە سووکی" بریندار بوون.