لە خانەقین رێگری لە جووتیارانی کورد دەکرێت پەین و بنەتۆ بگوازنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
دوو مانگە بەرهەمی کەلەرم و قەرنابیت پێگەیشتووە، بەڵام جووتیارانی دەشتی هەولێر دەڵێن، بەهۆی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەوە، ئەوان لە زیاندان.
 
تێچووی 75 دۆنم زەوی کەلەرم و قەرنابیت نزیکەی 100 ملیۆن دینار لەسەر ئەو جووتیارانە کەوتووە، بەڵام ئێستا کێشەی ساخکردنەوەی بەرهەمەکەیان لە بازاڕدا هەیە.
 
مەریوان کازم، جووتیارە لە دەشتی هەولێر و دەڵێت، "بەرهەمەکەمان پێگەیشتووە، بەڵام بەهۆی بوونی بەرهەمی هاوردەکراوی ئێرانی ئەوەی ئێمە نافرۆشرێت، تاوەکو ئێستا تەنیا پێنج بارم فرۆشتووە، کیلۆی بە 100 بۆ 150 دینار، باشە چۆن خەرجییەکەی بەدەستبهێنمەوە؟"
 
لە 1ـی ئەیلوولەوە کەلەرم، قەرنابیت و خاس لە هەرێمی کوردستان پێگەیشتوون، لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمەکانیش جووتیاران رووبەڕووی دوو کێشە بوونەتەوە، ئەوانیش بوونی بەرهەمی هاوردەکراو لەگەڵ رێگریی بازگەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان لە گواستنەوەی بەرهەمەکانیان.
 
ئیبراهیم عەدنان، جووتیارێکی دیکەی دەشتی هەولێرە و دەڵێت، "ئێرە دەشتی هەولێرە و بەرهەمەکانمان پێگەیشتوون، کاتێک دەیانبەین بۆ سلێمانی [لە بازگەکان] رێگریمان لێدەکەن و ناهێڵن داخڵ ببێت، کەچی بازاڕی سلێمانی پڕە لە بەرهەمی هاوردەکراوی ئێرانی."
 
عەبدوڵڵا عومەر و عیماد یاسین دوو جووتیاری دیکەن و دەڵێن، بارەکانیان بۆ نافرۆشرێت، هەروەها داوا لە حکومەت دەکەن، بازاڕیان بۆ رێکبخاتەوە.
 
وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ پارێزگاریکردن لە بەرهەمی نێوخۆیی لە سەرەتای مانگی ئەیلوول بۆ هەر کیلۆیەک کەلەرم، قەرنابیت و خاس بڕی 500 دینار وەک باج دەخاتە سەر بەرهەمی هاوردەکراو.
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، "ئێمە باجمان خستووەتە سەر بەرهەمی هاوردەکراو بۆ پارێزگاریکردن لە بەرهەمی نێوخۆیی، چونکە بەرهەمی نێوخۆیی پێویستی نێوخۆ پڕناکاتەوە، بۆ پرسی بازگەکانیش لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی وەزارەتیش قسەمان کردووە بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ جووتیاران بکرێت."
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵانە 19 هەزار تۆن کەلەرم، قەرنابیت و خاس لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت.