نەخۆشخانەی هیوا: لەو قەرزە بانکییە ئاگادار نەکراوینەتەوە کە عێراق دەیداتە تووشبووانی شێرپەنجە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەبارەی پێدانی قەرزی 15 ملیۆن دینار بە تووشبووانی شێرپەنجە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە دەڵێت: "بڕیارەکەمان بیستووە، بەڵام تائێستا هیچ نووسراوێکی فەرمیمان بەدەستنەگەیشتووە."
رۆژی 6 -10-2022، د. عەمار حەمەد خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە وەکالەت گشتاندنێکی بۆ بانکە مۆڵەپێدراوەکان لەبارەی قەرزی تەندروستی کردووە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی بانکی ناوەندیی عێراقدا قەرزێکی "گونجاوی" تەندروستی، بە بڕی 15 ملیۆن دینار دەدرێتە ئەوانەی "نەخۆشی شێرپەنجە یان نەخۆشییەکی سەخت و دژواریان هەیە."
رۆژی دووشەممە 7-11-2022، دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی لەوبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو قەرزەی بانکی ناوەندیی عێراق شتێکی داراییە و دەبێت لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بەنووسراوی فەرمی ئاگادار بکرێینەوە، بەڵام هێشتا هیچ نووسراوێکی فەرمیمان بەدەستنەگەیشتووە و ئاگادار نەکراوینەتەوە."
سەرەتای ئەم مانگە لە نووسراوێکی دیکەدا، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، قەرزی تەندروستی هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
لەبارەی بارودۆخی دارایی تووشبووانی شێرپەنجە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا گوتی: "نەخۆش هەیە مانگانە پێویستی بە هەندێک چارەسەری گران هەیە، رەنگە بۆ هەندێک چارەسەر مانگانە پێویستی بە 4000 دۆلار هەبێت، بێگومان هیچ خێزانێکیش نییە بتوانێت مانگانە ئەو پارەیە بە دەرمان بدات، بۆیە زۆرجار لە رێگەی خێرخوازەوە هەوڵدەدەن دەرمانەکانیان دابین بکەن، سەدان نەخۆش هەن کە بارودۆخی داراییان خراپە و خێرخوازان هاوکارییان کردوون."
ئەو قەرزەی بانکی ناوەندی بە تووشبووانی شێرپەنجە و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دەدات پێویستە لە ماوەی پێنج ساڵدا بگەڕێندرێتەوە، رێژەی سوودەکەشی نابێت لە 2.9٪ی قەرزەکە زیاتر بێت.
لەبارەی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە، دکتۆر یاد نەقشبەندی دەڵێت: "رێژەکە لە هەموو جیهان و کوردستان و عێراقیش لە زیادبوونە، بەڵام هێشتا لە خوار ستانداردی جیهانییە، رۆژانە زیاد لە 20 نەخۆشی نوێ تۆمار دەکەین، بەڵام هەمووی هی سلێمانی نییە."