وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: هەڵوێستمان لەبارەی باکووری سووریا نەگۆڕاوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند، نیگەرانن لەو کردە سەربازییانەی لە رۆژئاوای کوردستان دەکرێن "بە تایبەتیش ئەوانە ژێرخانە مەدەنییەکان دەکەنە ئامانج."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "هەڵوێستمان لەبارەی باکووری سووریا (رۆژئاوای کوردستان) نەگۆڕاوە و ئەمریکا نیگەرانە لە کردە سەربازییەکانی باکووری سووریا، بەتایبەتیش ئەو کردە سەربازییانەی کاریگەرییان لەسەر کەسانی سڤیل هەیە و ژێرخانی مەدەنی دەکەنە ئامانج و، کاریگەرییان لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ تێکشکاندنی داعش هەیە."
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا شەوی هەینی لە وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداو دا لەبارەی رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان و هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکە رایگەیاند، ''ئەمریکا نیگەرانە سەبارەت بە کردە سەربازییەکانی باکووری سووریا، بەتایبەتیش کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی مەدەنی، لە نێویاندا بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی و هەروەها کاریگەرییەکانی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ دڵنیابوون لە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش.''
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە لە وەڵامی رووداو دا باسی لەوە کرد، ''هەڵوێستی ئێمە نەگۆڕاوە'' و ئەمریکا بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی هێڵەکانی ئەو ئاگربەستەی کە هەیە.
میلەر دەشڵێت، ''گرنگە هەموو لایەنەکان رێز لە زۆنەکانی ئاگربەستە بگرن و بیپارێزن تاوەکو سەقامگیری لە سووریا بەرەوپێشەوەببەن و بەیەکەوە بۆ چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئەم قەیرانە کاربکەن.''
لەدوای هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و کردنە ئامانجی ژێرخانە مەدەنییەکان، ئەمە یەکەمین هەڵوێستی فەرمیی ئیدارەی بایدن و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە لەبارەی رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.