تورکیا تێچووی دڵنیایی ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بۆ دوو هێندە زیاد دەکات
رووداو - دهۆک
تێچووی دەرهێنانی نرخی دڵنیایی ئوتۆمبێل گران دەبێت و تێچووی دەفتەری گومرگی ئوتۆمبیل لە پارێزگای دهۆک وەکو خۆی دەمێنێتەوە.
عیزەت بێداوی، بەڕێوەبەری گومرگی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوەی پەیوەندیی بە دەفتەری گومرگی ئوتۆمبێل هەیە لە پارێزگای دهۆک هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر نرخەکەیدا نەهاتووە، بەڵام نرخی دڵنیایی ئۆتۆمبیل (سیگورتە) گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. بەڕێوەبەری گومرگی دهۆک گوتیشی، دڵنیایی ئوتۆمبیل پەیوەندیی بە گومرگەوە نییە.
بەگوێرەی گوتەکانی بەڕێوەبەری گومرگی دهۆک، دەرهێنانی دڵنیایی ئۆتۆمبێل دراوەتە کۆمپانیا و ئەوانەی بە ئوتۆمبێل گەشتی تورکیا دەکەن دەتوانن لەو رێگەیەوە کارەکانیان بکەن.
دڵنیایی ئۆتۆمبێل بۆ ئەوانەیە لە رێگەی وشکانییەوە بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان گەشتی تورکیا دەکەن، پێویستە دڵنیایی بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان دروستبکەن، تاوەکو لەکاتی رووداوی هاتووچۆ و زیانگەیشتن بە ئۆتۆمبێلەکانیان، قەرەبوو بکرێنەوە.