کێشەی دەستنەکەوتنی بەنزین لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان قوڵتر دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە یەکێک لە بەنزینخانەکانی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، نۆرەی وەرگرتنی بەنزین تا چاوبڕدەکات، درێژە. کێشەی دەستنەکەوتنی بەنزین چەند رۆژێکە بەردەوامە و تادێت زیاتر دەبێت، خەڵکیش ترسیان لە زیادبوونی نرخەکەی هەیە.
سەرەتا هۆکاری کێشەکە بۆ کەمبوونی کارتی بەنزین گەڕێنرایەوە، کە حکومەت بۆ رێگریکردن لە قاچاخ، کارتی بەنزینی بەنزینخانەکانی کۆکردەوە؛ بابەتێک کە ئێستا بەرپرسان دەڵێن، "خەریکە چارەسەر دەبێت."
جێگری بەڕێوەبەری دامەزراوەی پاڵاوتن و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران، هەندێ هۆکاری دیکە بۆ کێشەی بەنزین باس دەکات. عەلی زیار دەڵێ: ئەمساڵ بەکارهێنانی بەنزین لەپڕێکدا بەڕێژەی 20٪ زیاد بوو، پێشتر رۆژانە 104 ملیۆن لیتر بەنزین بەکاردەهات، ئێستا 124 ملیۆن لیتر.
هوشەنگ فەلاحەتیان، جێگری وەزیری نەوت بۆ پلاندانان رایگەیاند "بەکارهێنانی بەنزین لە دوو ساڵی رابردوودا رۆژانە 88 ملیۆن لیتر بووە، ئێستا رۆژانە 124 ملیۆن لیتر بەنزین بەکاردێت، هیچ وڵاتێک ناتوانێت هێندە خۆڕاگر بێت."
ئەمە وایکردووە هاوسەنگی نێوان خواست و خستنەڕوو تێکبچێت. پاڵاوگەکانی بەنزین دەتوانن رۆژانە 107 ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمبهێنن، واتە رۆژانە 13 ملیۆن لیتر بەنزینی کەمتر بەرهەمدێت.
هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی بەنزین، لە روانگەی عەلی زیارەوە، کوالێتیی نزمی ئۆتۆمبێلە ئێرانییەکانە، کە گوایە، سووتەمەنیی زیاتر بەکاردەهێنن.
دوایین جار کە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نرخی بەنزین گرانکرا، ساڵی 2019 بوو کە ناڕەزایەتییەکی گەورەی لێکەوتەوە. ترس لە ناڕەزایەتیی دیکە، وایکردووە، هەر کاتێک باسی گرانبوونی بەنزین بکرێت، حکومەت بە تووندی رەتی بکاتەوە.
ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێ "بەنزین گران نابێت، سەرتاپای ئەو گوتانە دەنگۆن. بەنزین بەهیچ شێوەیەک گران نابێت، نرخی بەنزین نابێتە 3 نرخ و ئەمە لە گۆڕێدا نییە."
لەم ساڵانەدا سەرەڕای زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل و دانیشتووان، بەرهەمهێنانی بەنزین زیادی نەکردووە و هەندێ لە بەرپرسان هۆشداریان داوە، ئەگەر دۆخ هەر بەمجۆرە بێت، ئێران ناچار دەبێت بەنزین هاوردە بکات.