وەرزی هاوینی ئەمساڵ لە خانەقین بە گەرمای بەتین دەستیپێکرد


رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ ئەوەی پلەی گەرما زیاتر بەرزدەبێتەوە، بەڵام بەشێک لە هانیشتمانییان هەر بەردەوامن لە خواردنەوەی چا. بەشێک لە هاونیشتمانییانی خانەقین پێیانوایە خواردنەوەی چا رێگرە لە ئارەقکردنەوە و پلەی گەرمیی لەش رێکدەخات. هاونیشتمانییەکیش دەڵێت، خانەقین لە بەسرە گەمترە.
 
عەلی موراد، دووکاندارە و دەڵێت، "وەڵڵا ئەمساڵ لە پارەکە باشتربوو، راستە ئەم دوو سێ رۆژە گەرمە، بەڵام لە پارەکە باشترە. ئەمڕۆ پلەی گەرما 50 پلە بۆ سەرەوەیە، بەڵام ئێمە بێ کارین و چا دەخۆینەوە."
 
سەباح خەمان، هاونیشتمانییەکی دیکەی خانەقینە و گوتی، "من 12 ساڵ لە بەسرە بووم، بەس وەکو خانەقین گەرم نەبوو. خانەقین زۆر گەرمە، ئێمەش لە گەرمیی گیانمان دێین چا دەخۆینەوە، بۆ ئەوەی کەمێک لە گەرمیی گیانمان ببات."
 
لە کەلار بەشێک لە هاونیشتمانییان بۆ خۆفێنککردنەوە رۆژانە دەچنە سەر رووباری سیروان و مەلە دەکەن. سەرتیپ محەممەد لەگەڵ خێزانەکەی چووەتە رووباری سیروان و دەڵێت، بۆ ئەوە چوون تاوەکو لەو گەرمایەی هەیە کەمێک خۆیان فێنک بکەنەوە.
 
سەرتیپ محەممەد بە رووداوی راگەیاند، "لە کەلار بەتایبەتی بەرلووت، خەڵکێکی زۆر رووی لێدەکات بۆ ئەوەی خۆی فێنک بکات، جەوی کەلار زۆر گەرمە و هیچ ناوچەیەکی گەشتیاری تێدانییە تەنیا سیروان هەیە و ئێمەش بەخێزانی هاتووین و خۆمان فێنک دەکەینەوە و نان دەخۆین، دواتر دەگەڕێینەوە."
 
کەشوهەوای جیهان ساڵ بە ساڵ لە گۆڕاندایە و لە عێراقیش لە 32 ساڵی رابردوودا، ئەمساڵ 2 پلە زیاتر گەرمبووە.
 
عەبدولموتەلیب رەفعەت، مامۆستای زانکۆی گەرمیان دەڵێت، "عێراق لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادایە، بۆ نموونە بەپێی داتاکان کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی 1991ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ دوو پلەی گەرمی زیاتر لە عێراق بەرزبووەتەوە."
 
رۆژی هەینی، 7ـی تەممووز لە کەلار پلەی گەرما 51 پلەی سلیزی بوو، بەمەش هاوینی ئەمساڵ بەراورد بە پار گەرمتردەبێت.