بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە نرخی گۆشت دوو هەزار دینار بەرزبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە بازاڕی ئاژەڵفرۆشانی هەولێر بازرگان و ئاژەڵدارەکان ئامادەکاری بۆ جەژنی قوربان دەکەن.
ئەمساڵ نرخی هەر کیلۆیەک گۆشت لە مەیدانەکان 500 بۆ 1000 دینار گرانبووە، ئەوەش بەهۆکاری گرانبوونی نرخی ئالیک، کە پێشتر تۆنی بە 250 هەزار دیناربوو، بەڵام ئێستا بووەتە 750 هەزار دینار.
دڵشاد ساڵح، ئاژەڵفرۆشە و دەڵێت، "سوپاس بۆ خوا ئێستا مووچە باشە، پارە هەیە و خەڵک قوربانی دەکات، هیچ کێشەیەک نییە".
موشیر عەزیز، ئاژەڵفرۆشێکی دیکەیە و دەڵێت، "ئەوانە گۆلکی کوردین خۆمانەن، کیلۆی بە حەوت هەزار و 500 دینارە، ئاژەڵی هاوردەکراویش کیلۆی بە شەش هەزار و 500 تاوەکو حەوت هەزار دینارە، خەڵک خواستی لەسەر خۆمانە زیاترە."
بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ 4،597،000 ئاژەڵی گەورە و بچووک لە هەرێمی کوردستان هەن. بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستانیش، لە سەرەتای ئەمساڵەوە مۆڵەت بە هاوردەکردنی 549 هەزار سەر ئاژەڵی گەورە و بچووک دراوە، لەو ژمارەیەش 13 هەزاریان دوای بڕیاری هەڵگرتنی باج و رسومات بووە لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ، کە مانگی چوار حکومەت دەریکردووە .
گرانبوونی ئاژەڵ راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی گۆشتی سوور کردووە، بۆ ئەم جەژنە هەر کیلۆیەک دوو هەزار دینار گرانبووە، گرانی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونیش کە سەرچاوەکەی ئاژەڵانن، وایکردووە بازاڕی گۆشتفرۆشەکان لەنێوان ٪30 بۆ ٪50 کەمبکات.
سامان محەممەد، گۆشتفرۆشێکە و دەڵێت، "گۆشتی سوور بەراورد بە چوار مانگ پێش ئێستا کیلۆی 2 هەزار دینار گرانتر بووە، بە گشتیش بازاڕەکە زۆر لاوازە، خەڵک داهاتی کەمبووە و خەرجی بەگشتی گرانبووە".
بەگوێرەی ئامارەکانیان، ساڵی رابردوو تەنیا لە سەربڕخانەی هەولێر نزیکەی 3،400 سەرئاژەڵ کراوەتە قوربانی و لە دەرەوەی سەربڕخانەکەش نزیکەی 35 هەزار سەر ئاژەڵی گەورە و بچووک کراونەتە قوربانی.