پارێزەرێکی حوکمدراوانی بادینان: دوای جەژنی قوربان سزادراوانی شیلادزێ ئازاد دەکرێن
رووداو-هەولێر
داواکاریی گشتیی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕی پێنج لە حوکمدراوانی شیلادزێ بە مەرجی دادی ئازاد بکات، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی بادینانیش دەڵێت: "دوای جەژنی قوربان ئازاد دەکرێن".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7-7-2022، بەشدار حەسەن، پارێزەری خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان بە رووداوی راگەیاند: "سزادراوانی شیلادزێ فەرمانی ئازادکردنی مەرجداریان بۆ دەرکرا و دوای جەژنی قوربان ئازاد دەکرێن."
بە گوتەی پارێزەرەکە، ئەوان بە دوو ساڵ بەندکردن سزادرابوون، ساڵێک و شەش مانگە لە زیندانن. بە گوێرەی ئەو بڕیارەی داواکاریی گشتی بێت، ئەوان شەش مانگ لە سزاکانیان کەمدەکرێتەوە و دوای جەژنی قوربان ئازاد دەکرێن.
ئەو سزادراوانە پێکدێن لە مەحموود ناجی سدیق لە دایکبووی 1996، ئەمجەد یوسف مستەفا لە دایکبووی 1989، یوسف شەریف لە دایکبووی 2001، کۆڤان ساڵح لە دایکبووی 1996 و نێچیرڤان بەدیع لە دایکبووی 1993.
بەشدار حەسەن گوتی: "هەر پێنچیان بە گوێرەی ماددەی 1ـی لە یاسای ژمارەی 21ـی ساڵی 2003ـی پەرلەمان تایبەت بە تێکدان و پشێوی نانەوە و تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ، دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە". گوتیشی: "ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵ بووین بۆ ئەوەی داواکاریی گشتی بەگوێرەی ئەو ماددەیە ئازادیان بکات، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤیش نووسراوی پشتگیری بۆمان کرد و تەنانەت خۆی سەردانی داواکاری گشتیشی کردووە."
لەبارەی بارودۆخی تەندروستییان، بەشدار حەسەن گوتی: "ئەمجەد یوسف مستەفا لە زیندان تووشی نەخۆشییەکی مەترسیداری جگەر بووە و ئێستا بە تەنیا لە ژوورێکی زینداندا دەمێنێتەوە."