بەهۆی هێنانە خوارەوەی وێنەی ئەردۆغان لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسێکی دەم پارتی دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی تەتوانی سەر بە پارێزگای بەدلیس ـی باکووری کوردستان، وێنەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای لە دیواری ئۆفیسەکەی خۆی دەکاتەوە و لەسەر ئەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئەو سەرۆک شارەوانییە بەتۆمەتی سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆماری تورکیا پەراوی لێکۆڵینەوەی بۆ کرایەوە.
رۆژی 5ـی حوزەیرانی 2024 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنێک بڵاوکرایەوە کە تێیدا موئمین ئەرۆڵ، سەرۆکی شارەوانیی تەتوان وێنەی ئەردۆغان لە دیواری ئۆفیسەکەی خۆی لە شارەوانی دەهێنێتە خوارەوە. لەسەر ئەم بابەتە، داواکاری گشتیی تەتوان رۆژی 6ی حوزەیران دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و بە سووکایەتیکردن بە ئەردۆغان تۆمەتباری کرد.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی داوایەکی یاساییەوە، رۆژی 3ی حوزەیران سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ لە کارەکەی دوورخرایەوە و دەستگیرکرا، پارێزگاری جۆلەمێرگ بە قەییوم لە شوێنی دانرا.
بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی دادی تورکیا لە ساڵی 2014ـدا 110 دۆسیە بەتۆمەتی سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار تۆمار کراوە، ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2021 ـدا گەیشتووەتە 9 هەزار و 168 دۆسیە. لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەدا بەو تۆمەتە نزیکەی 200 هەزار لێکۆڵینەوە کراوە و ژمارەی دۆسیەکان لە دادگاکان 44 هەزار و 675 دۆسیە بووە.
لە ساڵی 2022ـدا دۆسیەی سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار ژمارەیەکی پێوانەیی شکاند. تەنیا لەو ساڵەدا حەوت هەزار و 600 دۆسیە لە دادگاکانی تاوان کراونەتەوە و حەوت هەزار و 712 کەس تۆمەتبار کرابوون، هەزار و 872 کەس سزادراون.