لە رۆژێکدا لە سلێمانی 17 هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵان تۆمارکراوە
رووداو دیجیتاڵ
تەنیا لە یەک رۆژدا لە سلێمانی 17 هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمارکراون. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکی منداڵان لە سلێمانی دەڵێت، "رۆژانە ژمارەکە دەگۆڕێت."
لە پارێزگای هەڵەبجە 40 منداڵ کە تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون لە نەخۆشخانە خەوێندراون. لە کەلاریش تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمارکراون و ئێستا 20 منداڵ بەهۆی تووشبوونیان بە هەوکردنی پەردەی مێشک لە نەخۆشخانەن.
رۆژی چوارشەممە 07-06-2023، دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەدی تایبەت بە منداڵان لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر ئەم هەفتەیە رۆژ هەبووە تەنیا سێ هەوکردنی پەردەی مێشک لە نێو منداڵان تۆمارکراوە، بەڵام رۆژی دووشەممە 17 تووشبوومان هەبوو کە ئەوەش ژمارەیەکی زۆرە. ئێستا سکچوون و رشانەوەش لە نێو منداڵان زۆرە؛ ژمارەکە بەگوێرەی رۆژ دەگۆڕێت و کەم و زیاد دەکات."
بە گوتەی دکتۆر پشدەر عەبدولڵا، "ئەو کەسانەی کە سەردانی نەخۆشخانە دەکەن و دەسەلمێندرێت تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون، بەڵام دۆخیان خراپ نییە، ئەوە چارەسەر وەردەگرن و بەڕێ دەکرێن."
بە گوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەدی تایبەت بە منداڵان لە سلێمانی، ئێستا 45 بۆ 50 منداڵ کە تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
لە هەڵەبجە 40 منداڵ بەهۆی هەوکردنی پەردەی مێشک لە نەخۆشخانە خەوێندراون
ئاراس حەمەسەعید، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوون لە هەڵەبجە رۆژی چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا 40 منداڵ لە نەخۆشخانەکەمان هەن کە تووشبووی هەوکردنی پەردەی مێشکن و چارەسەری پزیشکی وەردەگرن."
بە گوتەی ئاراس حەمە سەعید، لە ماوەکانی رابردوودا هەوکردنی پەردەی مێشک لە نێو منداڵان کەمبووەوە، بەڵام ئەم چەند رۆژەی کۆتایی زیادی کردووەتەوە و دەڵێت، "نازانم بەهۆی فێستیڤاڵ و قەرەباڵخی بووە یان چی، بەڵام ئێستا ژمارەکە زیادیکردووە و رۆژانە لە نێوان پێنج بۆ 10 تووشبوو تۆماردەکرێن."
لەبارەی دابینکردنی دەرمان بۆ تەندروستیی هەڵەبجە، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان و مناڵبوون لە هەڵەبجە گوتی، "بەگوێرەی ئەوەی هەندێک دەرمانمان بۆ دابینکراوە، ئێستا باشە و ناچار نەبووین منداڵ بنێرینە دەرەوە بۆ ئەوەی دەرمان لە دەرەوە دابین بکەن. تائێستا گرفتێکی وەها نییە."
لە کەلار زیاتر لە 300 هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمارکراون
حارس محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سەرەتای دەرکەوتنی هەوکردنی پەردەی مێشکەوە زیاتر لە 300 کەیسی هەوکردنی پەردەی مێشکمان هەبووە؛ ئێستاش 20 منداڵ بەو هۆیەوە لە نەخۆشخانەن، جگە لەوەی ژمارەیەکی دیکە هەن کە گومانلێکراون."
حارس محەممەد لەبارەی ژمارەی ئەو منداڵانەی کە رۆژانە تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک دەبن و لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێن، گوتی، "رۆژی وا هەیە 15 کەس دەهێندرێنە نەخۆشخانە. ئەوەی پێویست بکات پشکنینی بۆ دەکەین و ئەگەر تووشی هەوکردن بێت ئەوە چارەسەر وەردەگرێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار، تاوەکو ئێستا گرفتی دابینکردنی دەرمان لە گەرمیان بەردەوامە و دەڵێت، "زۆرجار گرفتمان هەبێت پەیوەندی بە خێرخوازەکانی سنوورەکەمان دەکەین و ئەوان دەرمانمان بۆ دابین دەکەن."
نیشانە دیارەکانی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە منداڵی خوار تەمەنی 3 مانگ بریتین لە
- کەمبوونەوەی شیرخواردن
- رشانەوە
- نیگەرانی و بێزاری و گریانی زۆر
- تای بەرز
- دابەزینی پلەی گەرمیی لەش و بێهێزبوون
- هاتنە دەرەوەی مەڵاشو
ئەو نیشانانە لە منداڵی گەورەتر بریتین لە
- رشانەوە و دڵ تێکهەڵاتن
- سەرئێشە
- نیگەرانبوون بە رووناکی
- نیگەرانی و بێزاری
- تای بەرز کە رەنگە ببێتە هۆی گەشکە
- رەقبوونی مل