لە هەولێر چەند گەنجێک لە رێگەی ئامێرێکەوە ئاودێریی 300 هەزار دار دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی ئەندازیار کە بەشداری لە پێشانگەی هایتێکس کردووە، چوار مانگە کۆمپانیایەکی دامەزراندووە و بیرۆکە و کارەکانی نمایشکردوون، دەیەوێت بە زیرەکیی دەستکرد خزمەتی میوزیک و توێژینەوەی زانستی و چەندین بواری دیکەی کوردی بکات. دوو گەنجی دیکەش لە رێگەی ئامێرێکەوە لە هەولێر ئاودێریی 300 هەزار دار دەکەن و لە هایتێکس پڕۆژەکەیان نمایش کردووە.
دارڤان شڤان، خاوەن کۆمپانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ نموونە تۆ پێویستت بە میلۆدییەکە یان دروستکردنی میوزیکی نوێ، بۆ نموونە بۆ رووداو پێویستمان بە ئەدڤێرتایسینگ دەبێت، میوزیکی ئەدڤێرتایسینگ دەتوانین بۆیان دروستبکەین بە جۆرێکی ئۆتۆماتیکی، پێویست ناکات کۆمپزەرێک بێت یان هونەرمەندێک بێت ئەم ئیشە بکات."
عەبدوڵڵا، ئەندازیارێکی دیکەیە و شرۆڤەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاکەی دەکات بۆ میوانەکەی لە هایتێکس کە لە رێگەیەوە کەمترین ئاو بەکاردەهێنرێت بۆ ئاودانی درەخت، ئەو گەنجە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە رێکخراوێکیان هەیە و پڕۆژەی چاندنی 1 ملیۆن داربەڕوویان لە 2019 راگەیاندووە و بڕیارە تاوەکو 2025 پڕۆژەکەیان تەواو ببێت.
عەبدوڵڵا کەوکاس گوتی، "300 هەزار دارمان چاندووە لەسەر شەقامی 120 مەتری، چەند تەکنەلۆژیایەکی نوێمان بەکارهێناوە، یەک لەو تەکنەلۆژیایانە ئەوەیە کە ئێمە ئاو پاک دەکەینەوە بۆ ئەوەی زیاد ئاو بەکارنەهێنین، لە ئاودان کۆمەڵێک سێنسەرمان هەیە، ئەو سێنسەرانە لەنێو خاکەکە دادەنرێن بۆئەوەی بەردەوام پێمان بڵێن کە رێژەی شێ چەندە، لەبری ئەوەی بۆ نموونە بە چاو بچین بزانین ئاودانی دەوێ یان ئاودانی ناوێ و زیاد ئاو بەکاربێنین لە ئاودان ئەو سێنسەرانە بەستراونەتەوە بە ئایپادەکانمان."
هەفتەی تەکنەلۆژیا لە هەولێر تاوەکو دێت گەرموگوڕتر دەبێت، لە دوو رۆژی پێشانگەکەدا نزیکەی 20 هەزار کەس سەردانیان کردووە.