لە چەمچەماڵ پیاوێکی تەمەن 53 ساڵ بە 'چەقۆ و چەکووش' دەکوژرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی پیاوێکی تەمەن 53 ساڵ لە گوندێکی سنووری چەمچەماڵ دۆزرایەوە، قایمقامی شارەکە بە رووداوی گوت، شوێنەواری "چەقۆ و چەکوش" لەسەر جەستەی بووە. تەندروستیی چەمچەماڵیش گوتی، "بە کەرەستەی ساردی وەکو چەقۆ کوژراوە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 07-05-2023، د. فەرهاد محەممەد، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت: "ئەمشەو تەرمی هاوڵاتییەک گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو کە شوێنەواری ئەوەی پێوەدیاربووە بە کەرەستەی ساردی وەکو چەقۆ کوژراوە".
بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ گوتی، ئەو کەسەی کوژراوە تەمەنی 53 ساڵ بووە و دوای تەواوکردنی رێکارەکان، لە نەخۆشخانە براوەتە پەیمانگەی پزیشکی دادی چەمچەماڵ.
حاکم رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 06:00ـی ئێوارە پۆلیس ئاگادارکراونەتەوە لە رووداوەکە و چوونەتە شوێنەکە، کە پەلەوەرخانەیە، لە نزیک گوندی گورگەیی چاوسوور لە دەرەوەی چەمچەماڵ.
بە گوتەی قایمقامی چەمچەماڵ، ئەو کەسەی کوژراوە ناوی حوسێن مەلا ئەحمەدە و دانیشتووی چەمچەماڵ بووە، پەلەوەخانەی هەبووە لە دەرەوەی شار و گوتی، "بکوژەکان رایانکردووە".
گومان دەکرێت کرێکارانی پەلەوەرخانەکە ئەو کەسەیان کوشتبێت، بەڵام قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، "پێشتر ئەو کرێکارانە نەهێندراونەتە لای هێزە ئەمنییەکان بۆ تۆمارکردنی ناویان، چونکە نوێ بوون لەوێ، بۆیە زانیارییەکیانیان لای پۆلیس تۆمار نەکراون."
قایمقامی چەمچەماڵ باسی لەوەش کرد، "تەرمەکە شوێنەواری چەقۆ و چەکوشی پێوە بووە، کاتێک گەیێندراوەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا بوو، بۆیە دەکرێت رووداوەکە زووتر روویدابێت، بەڵام لێکۆڵینەوە پۆلیسیش لە رووداوەکە بەردەوامە".