زمانی کوردی بۆ هەژماری ئێکسی گەورەشارەوانیی وان زیادکرا

رووداو دیجیتاڵ 

هەژماری فەرمیی ئێکسی گەورەشارەوانیی وان، زمانی کوردیی بۆ زیادکرا و پەیامەکانی قەیووم سڕانەوە.
 
عەبدوڵڵا زەیدان و نەسلیهان شەدال، کە بەربژێری دەم پارتی بوون بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی و بە بردنەوەی 56٪ی دەنگەکان بوونە هاوسەرۆکانی گەورەشارەوانی. 
 
زەیدان و نەسلیهان دوای دەستبەکاربوونیان یەکەمین کارەکانیان زیادکردنی زمانی کوردی بوو بۆ هەژماری ئێکسی گەورەشارەوانی. ئێستا لە هەژمارەکەدا پێش تورکییەکە نووسراوە "شارەدەرییا باژارێ مەزنا وانێ".
 
هەروەها تەواوی ئەو بڵاوکراوانە سڕانەوە کە لە سەردەمی سەرۆکی بە قەیووم دانرا و بڵاوکرابوونەوە. ئێستا پۆستەکانی رۆژی 5ی نیسان بەدواوە لە هەژماری ئێکسی گەورەشارەوانیی وان دەبینرێن.
 
هەرچەندە بڕیاربوو، رۆژی 2ـی نیسانی 2024، فەرمانی دەستبەکاربوونی عەبدوڵڵا زەیدان وەک سەرۆکی هەڵبژێردراوی گەورەشارەوانیی وان بدرێت، بەڵام بەگوێرەی بڕیارێکی دادگە، زەیدان "بەهۆی کێشەیەکی یاساییەوە" مۆڵەتی دەستبەکاربوونی پێنەدرا و بڕیاردرا پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی بە براوەی دووەم بدرێت، کە بەربژێری ئاکپارتی بوو. 
 
بەو هۆیەوە ناڕەزایی لە چەندین شار و شارۆچکە دەستیپێکرد و گرژییەکان روویان لە هەڵکشان کرد. بەهۆی گوشارەکان و تانەکانی تیمی پارێزەرانی دەم پارتی، ئێوارەی رۆژی 3ـی نیسانی 2024 دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە بڕیارەکەی پاشگەز بووەوە و بڕیاری دا عەبدوڵڵا زەیدان، بکرێتە سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان و بە فەرمی فەرمانی دەستبەکاربوونی پێبدات. 
 
رۆژی 31ـی ئاداری 2024، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەچوو. جەهەپە لەسەر ئاستی تورکیادا 17 ملیۆن و 391 هەزار و 548 دەنگی بەدەستهێنا و 35 شارەوانیی بردەوە. ئاکپارتی بە بەدەستهێنانی 16 ملیۆن و 339 هەزار و 771 دەنگ، 24 شارەوانی بردەوە.
 
دەم پارتی بە دوو ملیۆن و 625 هەزار و 588 دەنگ، سەرۆکایەتیی 10 شارەوانیی شارەکانی بەدەستهێنا. مەهەپە بە دوو ملیۆن و 297 هەزار و 662 دەنگ سەرۆکایەتیی هەشت شارەوانیی شارەکانی بردەوە. پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە دوو ملیۆن و 851 هەزار و 784 دەنگ، تەنیا دوو شارەوانیی بردەوە.