دایکێک لە هەولێر رۆژانە بەناچاری کوڕە بیرکۆڵەکەی دەبەستێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

قیژە و هاواری مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ، شەو رۆژ ماڵێکی دارەتووی لە هەولێر پڕکردووە. بۆ ئەوەی رانەکات و زیانیش بە خوشک و براکانی نەگەیێنێت، دایکی بەستوویەتییەوە.
 
ئەم کوڕە لە سکماکەوە نەخۆش بووە، پزیشک بە دایک و باوکی گوتووە 'منداڵەکەتان بیرکۆڵە و بەهۆی وەرنەگرتنی راهێنان و ئاگادارنەبوونی، بەم شێوەیەی لێهاتووە؛ بەتەواوی ئومێد لە چارەسەری بڕاوە.'
 
دایکی منداڵەکان بە رووداوی گوت "ئێستا حەبێکی بۆ دەکڕم بە 15 هەزارە، ئەگەر شەوانە نەیدەمێ، خەوی نییە و لە هەموومان دەدات، جل لەبەر خۆی دەکاتەوە و هیچ حەوانەوەی نییە."
 
نەوەک تەنیا خێزانەکە، بەڵکو بە گوتەی دایکی، دراوسێکانیشیان بەهۆیەوە خەویان نییە، دەڵێ "چونکە من لێرە دەیبەستمەوە و حەوشەی دەرەوەیە، بۆیە دەنگی بۆ ئەو ماڵە دەڕوات. ئەو دراوسێیەی تەنیشتمان چەند جار هاتووە و دەڵێ 'دادە گیان ئەوە رەمەزانە و نەخەوتووین، راستە خاوەن پێداویستیی تایبەتە و دەبێت یارمەتیتان بدەین، بەڵام بەڕاستی ناخۆشە. ئەمە خاوەن پێداویستیی تایبەتە و دەنگی دێت، جاری وا هەیە رادەچڵەکێین و خەو و ئیسراحەتمان نییە.' بەخوا گوتوویە بە خاون خانووەکە دەڵێم 'دەرتان بکات.' منی چی بکەم؟ خوا پێیداوم." 
 
دەردی ئەم خێزانە تەنیا ئەم کوڕەیان نییە، بەڵکو هەژاری بە شێوەیەک یەخەی گرتوون، کە خەریکە دۆخی دەروونی منداڵەکانی دیکەش تێکدەدات. ئەوان لە خانوویەکی کرێ دەمێننەوە کە مانگانە 250 هەزار دینار دەدەن. دایکی منداڵەکان زیاتر لە ساڵ و نیوێکە لەگەڵ حەوت منداڵەکەی بێ هیچ سەرچاوەیەکی بژێوی، رۆژ و شەو و هەفتە و مانگ تێپەردەکەن، باوکی منداڵەکانیش لە زیندانە.
 
دایکی منداڵەکان هەروەها دەڵێ "خێرخواز یارمەتیی داوم (بە دابینکردنی خۆراک، بەڵام) هەمووی تەڕ بووە بەهۆی ئەوەی ئەم خانووە دڵۆپە دەکات، بە 250 هەزار گرتوومە و خاوەنەکەی گوتوویەتی 'دڵۆپە ناکات.' کەچی ئێستا دڵۆپە دەکات، جارێ سەربان ببینی دەڵێی باشە نەڕماوە بەسەرتاندا، رۆحمان لەنێو دەستمانە کە سەیری تەلەڤیزیۆن دەکەین، دەڵێین ئێستا نا ئێستا دەکەوێت."
 
دایکی منداڵەکان باسی ئەوە دەکات، ئەویش پەستانی خوێنی بەرزە، گوتی "لە پشت سەری داوم، چاوێکم هاوێنەی تێدایە و ناتوانم بڕۆم نان بکەم و ئیش بکەم، هەر دەتوانم منداڵەکانم خزمەت بکەم؛ سێ منداڵی خاوەن پێداویستیی تایبەتم هەیە و مووچەیەکی 150 هەزار دیناریم هەیە، کە تایبەتە بە خاوەن پێداویستیی تایبەت و چەند مانگە وەرمنەگرتووە." 
 
کچێکی ئەو خێزانە هاوشانی دایکی لە خەمی خوشک و براکانییەتی، دەڵێ "من، هەڵدەستم لە خەو، برا خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەم دەبینم، خوشک و براکانم دەبینم و ئەو ژیانە ناخۆشەی تێیدام، بڕوات هەبێت دوێنێ من و دایکم هەتاوەکو پارشێو هەر سەیری کارەباکەمان کردووە، لە ژوورەکەمان ئاو دەهاتە خوارەوە، من و دایکم هەر سەیری ئەو دەرگایەمان دەکرد دەمانگوت ئێستا کارەبا شۆرت دەکات و هەموومان دەمرین.''
 
جگە لە کوڕە نەخۆشەکەیان، کچێکی بچووکی شەش ساڵانیشیان هەمان نەخۆشی هەیە کە بیرکۆڵییە، پزیشک پێی گوتوون ئەگەری هەیە لە داهاتوودا ئەویش وەک براکەی لێبێت.