هەڵبژاردنی شارەوانیی سێوەرەگ لە رووها دووبارە دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر تانەی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانیی سێوەرەگ لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان هەڵوەشایەوە. بڕیارە رۆژی 2ی حوزەیران هەڵبژاردن لەو شارۆچکەیە بکرێتەوە.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ی ئاداری ئەم ساڵدا عەلی موراد بوجاک، بەربژێری ئاکپارتی بۆ سێوەرەگ 45 هەزار و 369 دەنگ و رێژەی 40.23%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا؛ حەسەن ئیزۆڵ، بەربژێری پارتی سەرلەنوێ رەفاهـیش 45 هەزار و 305 دەنگ و رێژەی 40.17%ی دەنگەکانی بردەوە.
پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ رۆژی 2ی نیسان لە دەستەی هەڵبژاردنی شارۆچکەکان تانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دا. دەستەی هەڵبژاردنی شارۆچکەکان تانەکەی رەتکردەوە.
دواتر ئەو پارتە لە دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان تانەی تۆمار کرد و تانەکە پەسند کرا و بڕیاری دا لە 2ی حوزەیرانی داهاتوودا هەڵبژاردن بکرێتەوە.
رۆژی 31ـی ئاداری 2024، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەچوو. جەهەپە 17 ملیۆن و 391 هەزار و 548 دەنگی بەدەستهێنا و بە 37.77٪ بە یەکەم دەرچوو و سەرۆکایەتیی 35 شارەوانی بەدەستهێنا؛ ئاکپارتی بە 16 ملیۆن و 339 هەزار و 771 دەنگ بە رێژەی 35.49٪ دووەم بوو و سەرۆکایەتیی 24 شارەوانیی بەدەستهێنا. دەم پارتی بە دوو ملیۆن و 625 هەزار و 588 دەنگ و بە رێژەی 5.70٪ براوەی سێیەم بوو کە سەرۆکایەتی 10 شارەوانیی شارەکانی بەدەستهێنا؛ مەهەپە بە دوو ملیۆن و 297 هەزار و 662 دەنگ 4.99٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سەرۆکایەتیی هەشت شارەوانیی شارەکانی بردەوە. پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە دوو ملیۆن و 851 هەزار و 784 دەنگ و بەرێژەی 6.19٪ی دەنگەکان دوو شارەوانی بردەوە.