کتێبەکانی ئامادەکردنی خواردن لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بازاڕیان گەرمە

رووداو - هەولێر

گەرموگوڕی 14ـیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر بەردەوامە و هەرکەسێک لە بوارێکدا خولیای کڕینی کتێبی هەیە، لەنێو ئەو کتێبانەش کە بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش خواستی زۆری پیاوانی لەسەرە، کتێبی تایبەتە بە دروستکردنی خواردن.

ئەحمەد جەردیس، یەکێکە لەو کەسانەی سەردانی پێشانگەکەی کردووە دەڵێ "لە تەمەنی منداڵییەوە حەزم لە دروستکردنی خواردن بووە، لە پاش ئەوەی هاوسەرگیریشم کرد، ئەو حەزە زیاتر قووڵ بووەوە. ئەم کتێبانەی تایبەت بە دروستکردنی خواردن هەموویان رێنمایین، بابەتەکە هەیە و کەتەلۆگەکەت لەبەردەستە، کە مەوادەکانیشت دەستکەوتن ئیدی دەتوانی ئەو شتە دروست بکەی کە دەتەوێت".

ئەحمەد محەممەد، کڕیارێکی دیکەی کتێبی دروستکردنی خواردن دەڵێ "هەندێ کتێب هەن سوودیان لێ وەردەگرین، هەندێکیش هەن لەو بابەتانە لەم پێشانگەیەدا دەستناکەون".

لە جیهاندا دروستکردنی خواردن لەلایەن پیاوانەوە دیاردەیەکی نوێ نییە و، لەمێژە چێشتخانەی ماڵان تەنیا تایبەت نییە بە ئافرەتان.

سۆران مەغدید، فەرمانبەرە و باس لەوە دەکات "25 ساڵ بەسەر تەمەنی هاوژینیمدا تێدەپەڕێت، بە ئێمە دەڵێن جیلی ئاڵتوونی، ئێمەش لەو جیلانەین کە دەزانین خواردن دروست بکەین و کاروباری دیکەی ناوماڵیشمان پێی دەکرێ و هاوکاریکردنی خێزان سەربەرزییە".

رێدار ئەمجەد، هاونیشتیمانییەکی دیکە باسی لێهاتوویی خۆی دەکات لە ئامادەکردنی خواردن، دەڵێ "کاتێک قوتابی بووم لە دەرەوەی وڵات فێری دروستکردنی خواردن بووم، هەم چێشتی بیانی و هەم چێشتی خۆماڵیش دەزانم، بەلامەوە زۆر ئاساییە کە دواڕۆژیش خێزاندار بم، لە ئامادەکردنی خۆراکدا یارمەتیی بدەم". 

کارکردنی ژنان لە دەرەوە یەکێکە لەو هۆکارانەی وایکردووە پیاوان زیاتر پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن لە ماڵەوە .

سولەیمان محەممەد، هاونیشتیمانیێکە کە هاوژینەکەی جگە لە کاری ماڵەوە خاوەن پیشەیە لە دەرەوە، بۆیە دەڵێ "هاوژینەکەم پێشتر دەوامی نەبوو و خۆی خواردنی دروست دەکرد، بەڵام دوایی کە دەوامی دەستپێکرد، ناچاربووین بۆ خۆمان دەسمان لێی هەڵکرد".

لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب نزیکەی 250 کتێبی دروستکردنی خواردن هەن، کە زۆربەیان بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزین، بۆیە لەچاو خوێنەرانی ئەو جۆرە کتێبانە لە کوردستان، بایەخێکی کەم بە چاپی کتێبی دروستکردنی خواردن بە زمانی کوردی دراوە.

 

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار