شارەوانیی دێرسم نزیکەی شەش ملیۆن دۆلار قەرزدارە
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، کە رۆژی 31ـی ئاداری ئەم ساڵ دەکرێت، بەشێک لە شارەوانییەکان داهات و خەرجییەکانی خۆیان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەن.
شارەوانیی دێرسیم دەڵێ، قەرزی شارەوانی لە ماوەی ساڵێکدا دوو هێندە زیادیکردووە و گەیشتووەتە 183 ملیۆن لیرە، کە دەکاتە نزیکەی شەش ملیۆن دۆلار.
رۆژی شەشی ئاداری 2024 شارەوانیی دێرسیم بەڵگەنامەکانی بودجەی شارەوانی لە باڵەخانەی شارەوانی هەڵواسی. بەڵگەنامەکان داهات و خەرجییەکانی یەکی کانوونی دووەمی 2023 تاوەکو 31 ـی کانوونی یەکەمی 2023 لەخۆ دەگرێت.
بەپێی ئەو بەڵگانە، شارەوانیی دێرسم 183 ملیۆن لیرە قەرزی لەسەرە کە دەکاتە نزیکەی شەش ملیۆن دۆلار، ئەمە لەکاتێکدایە قەرزی ئەو شارەوانییە لە ساڵی 2022ـدا نزیکەی 93 ملیۆن لیرە بووە.
لە ماوەی نێوان یەکی کانوونی دووەمی 2023 تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی 2023، کۆی داهاتی شارەوانییەکە 188 ملیۆن و 840 هەزار و 54 لیرە بووە، هەروەها کۆی خەرجیی شارەوانییەکە 271 ملیۆن و 336 هەزار و 310 لیرە بووە.
لە ماوەی ئەو ساڵەدا قەرزی شارەوانییەکە 183 ملیۆن و 303 هەزار و 381 لیرە بووە.
لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا لە ساڵی 2019، فاتیح محەممەد ماچئۆغڵو، بەربژێری پارتی کۆمیۆنیستی تورکیا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە سەرۆکی شارەوانی.