گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان دیاریدەكەن


رووداو - سلێمانی

هێشتا گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت یەكلایی نەبووەتەوە، بەڵام هەر لایەنێك لای خۆیەوە دەستی بە ئامادەكاری كردووە بۆ ئەوەی كاندیدەكانی ئامادە بكات بۆ ئەو پۆستانەی لە ئایندەدا وەریاندەگرێ لەسەر ئاستی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكارەكان.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە حیزبەكانەوە دەست (تۆڕی میدیایی رووداو) كەوتوون، بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی، فۆرم و cv ئەو كەسانەیان وەرگرتووە كە داوایان كردووە لە كابینەی هەشتەمدا پۆستیان پێبدرێ و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تاوەكو ئێستا ئەوەی یەكلایی نەكردووەتەوە، هەرچی پارتیشە، ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حیزبە دەڵێ، مەكتەبی سیاسی ئەو ناوانە دەستنیشان دەكات كە پێویستە ئەو پۆستانە وەربگرن.

"4 پێوەرمان هەیە"

رێكخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، دەستیان بە ئامادەكاری كردووە بۆ پاڵاوتنی ئەو كەسانەی لەسەر پشكی بزووتنەوەكەیان لە حكومەتدا پۆست وەردەگرن و رەتیشیكردەوە ئەو ناوانەی تاوەكو ئێستا بڵاوكراونەتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان راست بن "تاوەكو ئێستا هیچ ناوێك لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا یەكلایی نەبووەتەوە بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان".

ئارام شێخ محەممەد، دەڵێ بۆ پاڵێوراوەكانمان "4 مەرجمان هەیە و دەبێ ئەو مەرجانە لە هەركەسێكدا هەبن"، لەبارەی مەرجەكانیشەوە گوتی، دەبێ پسپۆڕیی لەكاری ئەو وەزارەتەدا هەبێ و هاوسەنگی لە تەمەندا هەبێ، واتە گەنجیشی تێدابێ و بەشێكیان ئافرەت بن و بەشداریی ناوچەكانیش هاوسەنگی تێدابێ".

ئارام شێخ محەممەد دەڵێ، ژمارەیەكی زۆر cvیان بەدەستگەیشتووە، بەڵام دواجار دەبێ جڤاتی نیشتمانی ئەوانە هەڵبژێرێ كە پسپۆڕی و شارەزاییان زۆرترە و گوتیشی " هەركەس cv بنێرێ دەبێ پرۆژەی خۆیشی بنووسێ كاتێك دەبێتە وەزیر، چ بەرنامەیەكی چاكسازیی هەیە بۆ ئەو وەزارەتە". گوتیشی "بەڵام هیچ ناوێك یەكلایی نەبووەتەوە، چونكە ئێمە هێشتا چاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتین". وەك ئارام شێخ محەممەد باسیكرد، بۆ پۆستی راوێژكار و وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی، cv یان وەرگرتووە.

"وەك كابینەكانی پێشوو دەكەین"

یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تاوەكو ئێستا هیچ ناوێكی یەكلایی نەكردووەتەوە بۆ ئەو مەبەستە و تەنانەت بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتیش كە دوای گفتوگۆیەكی پڕ ململانێ بۆ ئەو یەكلایی بووەتەوە.

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە دەڵێ "كادری خۆمان دەناسین، دەزانین كێ لێهاتووە بۆ هەر پۆستێكی وەزاری، بۆیە هەركاتێك هاتە سەر ئەوەی ناوەكان یەكلایی بكرێنەوە، ئاسانە". سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێ، لەكابینەكانی پێشوودا هەندێك كەس تەكلیف دەكران و هەندێك كەسیش cv خۆیان دەنارد و دواتر لەلایەن مەكتەبی سیاسییەوە هەڵسەنگاندیان بۆ دەكرا و ئەوانە دەستنیشان دەكران كە پێویست بوو ببنە وەزیر و بریكار و بەڕێوەبەری گشتی " ئەمجارەش هەروا دەكەین".

بەوپێیەی كە بەردەوام cv پێشكەش دەكرێ و فۆرم بۆ ئەو مەبەستە پڕ دەكرێتەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێ، "ژمارەیان زۆرە، بەڵام نازانم چەندە، بەڵام ئەوانە هەڵدەبژێرین كە كەفائەتیان هەیە".

270 داواكاری لای یەكگرتووە

رۆژی شەممە، سەرچاوەیەكی بەرپرس لەنێو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، وەڵامی خۆیان لە پارتی وەرگرتووەتەوە و پێیانگوتوون "2 وەزارەت و سەرۆكی دەستەیەك دەدرێ بە یەكگرتوو"، ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، هەروەها گوتی "بەڵام یەكگرتوو بە پارتی گوتووە 3 وەزارەتمان دەوێ و لەوانەیە پارتی نەرمی بنوێنێ".

هەرچەندە ئەم بابەتانە هێشتا لە چوارچێوەی گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوە تێنەپەڕیوە، بەڵام ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە دەڵێ، ژمارەیەكی زۆر cv و فۆرمی ئەو ئەندام و كادرانەی یەكگرتوویان پێگەیشتووە كە دەخوازن لە پۆستە ئیدارییەكانی كابینەی هەشتەمدا دەستبەكار بن.

د. محەممەد ئەحمەد دەڵێ، دوای ئەوەی لیژنەیەكیان بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوە و دەرگای خۆپاڵاوتنیان بە رووی رێكخستنەكانیاندا كردووەتەوە، ژمارەیەكی زۆر ناویان پێگەیشتووە "لەبواری راوێژكاری، وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، ناومان بۆ هاتووە، بەڵام ئێمە گوتوومانە بۆ وەزیر و راوێژكار دەبێ پسپۆڕیی هەبێ و بۆ بەڕێوەبەری گشتی دەبێ ئەزموونی هەبێ".

هەرچەندە یەكگرتووی ئیسلامی تەنیا 3 وەزارەت وەردەگرێ، بەڵام وەك د. محەممەد ئەحمەد باسیدەكات، 30 كەس خۆیان پاڵاوتووە بۆ پۆستی وەزیر و هەر لە پارێزگای سلێمانی 76 كەس بۆ پۆستی راوێژكاریی خۆیان پاڵاوتووە و 140 كەس بۆ بواری گشتی لەناو كاروباری ئیدارە و فەرمانگەكان خۆیان پاڵاوتووە و cv خۆیان ناردووە "دواتر ئەوانەی مەرجە یاساییەكان دەیانگرێتەوە و پسپۆڕییان گونجاوە، لەنێو ئەوانە لە سەركردایەتی یەكگرتوو بە دەنگدان یەكلایی دەكرێنەوە".

"بەرچاومان روون نییە"

كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێ هێشتا بەرچاویان روون نییە كە ئاخۆ بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێ یان نا ، لەوەش دڵنیا نین كە ئاخۆ چ وەزارەتێكیان پێدەدرێ " بۆیە نازانین پێویستە زیاتر لە چ بوارێكدا پۆستەكانمان یەكلایی بكەینەوە".

د. سەباح بەرزنجی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی، میكانیزمی دەستنیشانكردنی كاندیدەكانی كۆمەڵی ئیسلامی بەوە جیادەكاتەوە لە حیزبەكانی دیكە كە دەڵێ "ئێمە خۆمان كادر و ئەندامانی كۆمەڵ تەكلیف دەكەین نەك خۆیان داوای بكەن".

ناوبراو بەهەمانشێوە باس لە فلتەرەكانی خۆیان دەكات كە خۆی لە شارەزایی دەبینێتەوە و دەڵێ "لە كۆتایی پرۆسەكەدا دەبێ مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و شاندی دانوستانكاری كۆمەڵ پەسەندی بكەن". گوتیشی "خۆمان وای بۆ دەچین لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و كشتوكاڵ یەكێكیان وەربگرین، بۆیە پێدەچێ پاڵێوراوەكانمان زیاتر لەو بوارانەدا بن".

پارتی 2 كاندیدی دیارە

پارتی دیموكراتی كوردستان تاوەكو ئێستا كاندیدەكانی یەكلایی نەكردووەتەوە، بەوپێیەی هێشتا دڵنیانییە كام وەزارەتانەی بەردەكەوێ، هەرچەندە بۆخۆی لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە.

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، پێشبینی دەكات بەم نزیكانە پارتی وەڵامی لایەنەكان بداتەوە و گەڕێكی دیكەی دانوستاندنەكان دەستپێبكەنەوە. لەبارەی كاندیدەكانی پارتیشەوە بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان و پۆستەكانی دیكە دەڵێ "ئەوەی تاوەكو ئێستا روونە، كاك نیچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت و ئاشتی هەورامی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە، بۆ وەزارەتەكانی دیكەش سەرقاڵن بە دیاریكردنی كەسێك بۆ خوێندنی باڵا، بەڵام دیار نییە ئەو وەزارەتانەی دیكە چین بەدەست پارتییەوە دەبن".