چاکسازییەکان: تەنیا لە یەک مانگ 46 بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر حوکمدراون


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ 5302 سزادراو لەنێو چاکسازییەکاندان، کە زیاتر لە هەزار سزادراویان بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەرن.
 
رۆژی چوارشەممە، 07-02-2024، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تەنیا مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، 46 سزادراوی مادەی هۆشبەر زیادیکرووە، کە هەموویان حوکمدراون، ئەوەش بۆ یەک مانگ ژمارەیەکی زۆرە و کارەساتە، بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر زیادیان کردووە، چونکە بەراورد بە جاران مادەکە زیاتر بووە."
 
بەگوتەی ئیحسان عەبدولڕەحمان، پار 1168 بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر لەنێو چاکسازییەکاندا بوون، ئەمساڵ تاوەکو 1ـی ئەم مانگە ئەو ژمارەیە بۆ 1214 کەس زیادی کردووە. دەشڵێت، لەو ژمارەیە 676 کەسیان بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرن و 538  کەسیش بازرگانی مادەی هۆشبەرن. 
 
لە هەرێمی کوردستان سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن؛ هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەدا هەن. ئیحسان عەبدولڕەحمان دەڵێت، بە گشتی پێنج هەزار و 302 کەس لە هەر شەش چاکسازییەکەدان. 
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ناهێڵین مادەی هۆشبەر بچێتە نێو چاکسازییەکان و هەمووی کۆنترۆڵکراوە، پشکنینێکی باش دەکرێت و کۆنترۆڵێکی باش دەکرێت و خەڵکیشمان هەن کارمەند بووە و دراوەتە دادگە لەبەر ئەوەی مۆبایلی بردووەتە ژوورەوە، بۆیە توانیومانە کۆنترۆڵی چاکسازییەکان بکەین."