کەشناسی: پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی پلەی گەرما 4 پلە بۆ 6 پلە بەرزدەبێتەوە و ئاسمان نیمچە هەور دەبێت. شارەزایەکی کەشناسیش ئاماژە بەوە دەکات، کۆتایی هەفتەی داهاتوو بارانێکی بەخوڕ دەستپێدەکات و پێشبینی دروستبوونی لافاویش لە هەندێک ناوچە هەیە.
بەشی کەشناسی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەگوێرەی پێشبینییەکانیان، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسمان هەور دەبێت و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور؛ لە ناوچەشاخاوییەکانیش ئەگەرى نمەباران هەیە و لە لووتکەی شاخە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت؛ لە سەنتەرى پارێزگاکانیش زۆربەى کاتەکان ئاسمان نیمچە هەور و هەورى تەواو دەبێت.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی پێنجشەممە، کەشناسی دەڵێت، ئاسمان بەگشتى نیمچە هەور دەبێت؛ پلەی گەرما 4 پلە بۆ 6 پلە بەرزدەبێتەوە و لەکاتەکانی بەیانی زوویشدا لە ناوچە شاخاوییەکان تەم دەبێت.
هاوکات هەر ئەمڕۆ محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەفتەی داهاتوو دوو شەپۆلی بارانبارین دەستپێدەکەن؛ یەکەمیان دەکەوێتە دووشەممە و سێشەممە کە لاواز دەبێت؛ دووەم شەپۆل دەکەوێتە چوارشەممە و کۆتایی هەفتەی داهاتوو کە زۆر بەهێز دەبێت و هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
محەممەد کەمال دەڵێت، بارانبارینی چوارشەممەی داهاتوو بەهێز دەبێت و مەترسی دروستبوونی "لافاو"یش لە گەرمیان، سلێمانی، کەرکووک و هەولێر هەیە؛ ئەو شەپۆلی بارانبارینە تاوەکو رۆژی 19ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو شارەزایەی کەشناسی، کەمترین بارانبارین کە پێشبینی دەکرێت چوارشەممە ببارێت 50 ملیم و زۆرترین 100 ملیم دەبێت. دەشڵێت، "ئەم مانگە بارانی باشمان دەبێت و زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە."
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر؛ 16 سیلیزی
سلێمانی؛ 15 سیلیزی
دهۆک؛ 17 سیلیزی
کەرکووک؛ 16 سیلیزی
هەڵەبجە؛ 15 سیلیزی
زاخۆ؛ 17 سیلیزی
سۆران؛ 10 سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 5 سیلیزی
گەرمیان؛ 20 سیلیزی