کارگەیەکی چپس 10 هەزار تۆن پەتاتە لە جووتیارانی گەرمیان دەکڕێت
رووداو دیجیتاڵ
کشتوکاڵی گەرمیان بۆ ساخکردنەوەی پەتاتەی ئەمساڵ ژمارەیەک کۆمپانیای بردووەتەوە گەرمیان و دەیەوێت لەو رێگەیەوە بازاڕ بۆ پەتاتەی جووتیاران بدۆزێتەوە.
خەلیل عەبدولکەریم، جووتیارێکی گەرمیانە و ساڵی پار بەهۆی خەرج نەبوونی بەرهەمی پەتاتەکەی 30 ملیۆن دینار زیانی کردووە، ئەمساڵ بۆ فرۆشتنی پەتاتەکەی لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی چپسی پەتاتە گرێبەستی کردووە، ئەو دەڵێت، ئەگەر حکومەت چاودێری کۆمپانیاکان بکات ئەوە بەرهەمەکانیان زیاتر دەبێت.
خەلیل عەبدولکەریم بە رووداوی گوت، "ئەگەر ئێستا کۆمپانیاکان بێن و پەتاتەکان وەربگرن، وە حکومەت و کشتوکاڵی گەرمیانیش نێوەندگیریی سێیەم بن بۆ ئەو گرێبەستە، ئەوە شتێکی باشە کە لێمان وەربگرن و ساخی بکەنەوە. ئێمە لە بەشی گەرمیان زیاتر پەتاتە بەرهەم دەهێنین، دەتوانین پەتاتە هەناردەی ناوچەکانی وەکو سلێمانی، بەغدا، خوارووی عێراق و ناوچەکانی دیکەش بکەین."
بۆ ئەمساڵ 15 جووتیاری گەرمیان گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی چپسی پەتاتە کردووە.
عومەر کەریم، جووتیارێکی دیکەی سنوورەکەیە و باسی لەوە کرد، "ئێمە وەکو جووتیارانی گەرمیان دەتوانین دوو وەرز پەتاتە بکەین. پەتاتەی خواردن و پەتاتەی پیشەسازی. ئەگەر کۆمپانیاکان لێمان وەربگرن دەتوانین بەرهەم زیاتر بکەین."
کامیل عەبدولکەریم، جووتیارە و لەو سنوورە کاری چاندنی پەتاتە دەکات، ئەو ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە زەوییەکانمان باشن، پەتاتەمان جۆرەکەی باشە، ئەگەر کۆمپانیاکان لێمان وەربگرن دەتوانین بەرهەممان زیاتر بکەین، ئەگەر هاوکاریمان بکەن دەتوانین 100 دۆنم زیاتر بکەینە پەتاتە."
کشتوکاڵی گەرمیان بۆ فرۆشتنی بەرهەمی جووتیاران چەند کۆمپانیایەکی بانگهێشتی سنوورەکەیان کردووە. ئەو کۆمپانیایەی کە جووتیاران گرێبەستیان لەگەڵ کردووە لە سلێمانییە و توانای کڕێنی 10 هەزار تۆن پەتاتەی هەیە لە جووتیارانی گەرمیان.
حەقی ئیسماعیل حەمە، بەڕێوبەری کۆمپانیای لۆنا بۆ بەرهەمهێنانی چپس دەڵێت، "ئەم گرێبەستانەی کە لەگەڵ جووتیاران کردوومانن، گەورەترین سوودە بۆ جووتیاران، چونکە جووتیار پەتاتە دەچێنێت و دڵنیایە لەوەی کڕیاری هەیە، ئەگەر بەرهەمەکەی بگاتە 100 تۆن کڕیاری هەیە، چونکە لەگەڵ گرێبەستەکە نرخەکانمان بۆ دیاری کردوون، بۆیە هیچ مەترسیی نییە بۆ جوتیاران."
بەپێی ئاماری کشتوکاڵی گەرمیان، ساڵانە بەرهەمی جووتیارانی سنوورەکە 12 هەزار تۆن پەتاتەیە، جووتیاران بەرهەمەکانیان هەناردە دەکەن بۆ خوارووی عێراق و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.