بانکی ئەهلیی عێراقی: لە چوارچێوەی هەژماری من قەرز بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەدەین
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ئەهلیی دەڵێت، چەندین خزمەتگوزاری لە چوارچێوەی "هەژماری من" پێشکێشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەین، لە نێویاندا پێدانی قەرزە بەجۆر و شێوازی جیاواز.
رۆژی یەکشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2024، لە بووڵتەنی کاژێر 17:00دا، سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی بە رووداوی گوت، "ئێمە پێشتریش وەکو بانکی ئەهلیی عێراقی قەرزمان بە فەرمانبەرانی حکومەتی عێراقی داوە. تاوەکو ئێستا 270 هەزار فەرمانبەر، لە لای بانکی ئەهلیی عێراقی هەژماری بانکی بۆ کراوەتەوە. نزیکەی 3 ترلیۆن دینارمان بەقەرز داوەتە فەرمانبەرانی حکومەتی عێراقی."
هاوکات ئەمڕۆ، بانکی ئەهلیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "پەیوەندیمان بە هەژماری منەوە کردووە، کە تایبەتە بە پێدانی مووچەی فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لە رێگەی بانکەوە، لەو رێیەشەوە قەرز و ئاسانکاریی بانکییان پێدەدرێت."
بە گوتەی سەروەت جاف، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی "هەژماری من"ـی راگەیاند، "بە پێویستی و ئەرکی نیشتمانی دەزانین کە لەو پرۆژەیە بەشداربین"؛ گوتیشی بە تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەگەیێنن کە بانکی ئەهلیی عێراق تەواوی ئاسانکارییەکان و قەرزیش بە فەرمانبەری هەرێمی کوردستان دەدات.
تاوەکو ئێستا لە پرۆسەی "هەژماری من،" پێنج بانک پەیوەندییان کردووە، بەپێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆسەکە کار دەکات بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی بانکی بە فەرمانبەرانی کوردستان.
بەڕێوەبەرە هەرێمییەکەی بانکی ئەهلیی عێراقی دەشڵێت، "هیچ مەرجێکمان نییە بۆ پێدانی قەرز، پێویستە فەرمانبەر تەنیا هەژمارێکی فەرمیی لە یەکێک لە لقەکانی بانکی ئەهلیی عێراقی بکاتەوە؛ لە هەرێمی کوردستان. ئێمە چەند لقێکمان لە هەرێمی کوردستان لە شارەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و ئەوانی دیکە هەیە."
سەروەت جاف ئاماژەی بەوەشدا، "چەند جۆرە قەرزێکمان لە بانکی ئەهلیی عێراقی هەیە. قەرزێکمان بە ناوی ئەپڵ لۆن هەیە کە تایبەتە بە ئامێرەکانی کۆمپانیای ئەپڵ. قەرزێکی دیکەمان بە ناوی کویک لۆن هەیە، ئەم قەرزە لە 5 ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 40 ملیۆن دینارە؛ ئەمانە بەپێی توانای دارایی و رێژەی مووچەی فەرمانبەرە. ئەم قەرزانە بۆ 5 ساڵە، فەرمانبەر دەتوانێت بە ماوەیەکی کەمتریش بیداتەوە. سوودی بانکیی بۆ ئەم قەرزانە 6.99یە بۆ هەر ساڵێک. رێژەی بردن و بڕینی ٪40ـە و زیاتر نابێت."
سەروەت جاف باسی لەوەش کرد، "ئێمە چاوەڕێی نووسینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین و دوو هەفتەی دیکە هەژمار بۆ فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە لە بانکی ئەهلیی عێراقی. سەبارەت بە ئاسانکارییەکان، یەکێک لەوان دانانی "ATM"ـە."
بانکی ئەهلیی عێراقی خاوەنی دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلار سەرمایەیە و زیاتر لە 200 هەزار کەس خزمەتگوزارییان تێیدا هەیە، هەزار فەرمانبەری لە 27 لق هەیە و خاوەنی 200 ئامێری راکێشانی پارە "ATM"ـە بۆ مامەڵەکردن بەپارە."
شوباتی ساڵی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی "هەژماری من"ـی راگەیاند. بەپێی حکومەت، "بەهۆی ئەو دەستپێشخەرییەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارەڕاکێشان (ATM)ـەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێن، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات. ئەوەش ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی."