پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان داوا لە مامۆستایان دەکەن بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

پەروەردەکانی سلێمانی، راپەرین، گەرمیان و هەڵەبجە نووسراوێک ئاراستەی مامۆستایان دەکەن و داوا دەکەن بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن. پەروەردەی راپەڕین دەڵێت، "سبەی بگەڕێنەوە." پەروەردەی هەڵەبجە و گەرمیانیش دەڵێن، "سێشەممە، 9ـی مانگ بگەڕێنەوە." ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیش دەڵێت، "سبەی خۆپێشاندانی فراوان لە سنووری 13 پەروەردە بەڕێوەدەچێت."
 
پەروەردەی سلێمانی بۆ مامۆستایان: سێشەممە دەستپێبکەنەوە
 
رۆژی یەکشەممە، 07-01-2024، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی نووسراوێکی ئاراستەی پەروەردەکانی رۆژئاوا، رۆژهەڵات، قەرەداخ، سەیدسادق، دەربەندیخان، شارەزوور، شارباژێڕ، پێنجوێن، دووکان و چەمچەماڵ کردووە لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن. 
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "وێڕای دووپاتکردنەوە و پشتگیریمان بۆ سەرجەم داوا رەواکانی مامۆستایان کە بە شێوەیەکی مەدەنییانە دوور لە هەموو تووندوتیژییەک زنجیرەیەک خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، سوپاسی لە خۆبردوویی مامۆستایان دەکەین، داواکارین رۆژی سێشەممە، 9ـی ئەم مانگە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەستبکەنەوە بە پرۆسەی خوێندن لەبەر ئەوەی قوتابییان و خوێندکاران چاوەڕێی دڵسۆزیتانن بۆ ئەوەی ئەم ساڵی خوێندنیان نەفەوتێت."
 
پەروەردەی راپەڕین بۆ پەروەردەی رانیە و پشدەر: دەرگەی ناوەندەکانی خوێندن بکەنەوە
 
محەممەد کەریم، بەڕێوەبەری پەروەردەی راپەڕین نووسراوێکی ئاراستەی هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رانیە و پشدەر کردووە لەبارەی کردنەوەی دەرگەی ناوەندەکانی خوێندن بەڕووی قوتابییان و خوێندکارانەوە. 
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "لە پێناوی دوا رۆژی قوتابییان و خوێندکارانمان و بە فیڕۆنەچوونی ساڵێکی خوێندنیان و دووپاتکردنەوەی پاڵپشتیی خۆمان بۆ مامۆستایان لە پێناوی بەدیهێنانی سەرجەم ماف و داوا رەواکانیان کە سەرجەمیان داواکاری رەوا و یاسایین، لە سۆنگەی دڵسۆزی و خەمخۆری مامۆستایان بۆ پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن داوا لە ناوەندەکانی خوێندنی سنووری پەروەردەکانتان دەکەین لە بەرواری 8-1-2024ـەوە روو لە ناوەندەکانی خوێندن بکەن و دەرگەی ناوەندەکانی خوێندن بە رووی قوتابییان و خوێندکاران بکەنەوە و دەست بکەنەوە بە دەوامی ئاسایی."
 
ئومێد تۆفیق، بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە نووسراوی بەڕێوەبەری پەروەردەی راپەڕینی ئاراستەی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنووری رانیە کردووە و داوا دەکات سبەی دووشەممە، 8ـی ئەم مانگە دەرگەی ناوەندەکانی خوێندن بەڕووی خوێندکاران بکەنەوە و دەست بکەنەوە بە دەوامی ئاسایی.
 
پەروەردەی هەڵەبجە بۆ مامۆستایان: دەستبکەنەوە بە خوێندن
 
سۆران عومەر، بەڕێوەبەری پەروەردە هەڵەبجەش نووسراوێکی بە ژمارە 135 ئاراستەی گشت خوێندنگە، قوتابخانە و باخچەکانی منداڵانی هەڵەبجەی کردووە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دەوام. 
 
لە نووسراوەکەی بەڕێوەبەری پەروەردەی هەڵەبجەدا هاتووە، "داواکارین لە رۆژی سێشەممەوە، 09-01-2024، دەستبکەنەوە بە پڕۆسەی خوێندن لە پێناو دوارۆژی منداڵەکانمان و نەفەوتانی ساڵێکی خوێندنیان، ئێوە زەنگی کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن لێبدەن."
 
بەڕێوەبەری پەروەردەی هەڵەبجە دەڵێت، "دابڕان لە ناوەندەکانی خوێندن بۆ ماوەیەک و دەستپێکردنەوەی خوێندن لە سۆنگەی دڵسۆزی مامۆستایانەوەیە بۆ داهاتوویەکی گەشتر."
 
پەروەردەی گەرمیان بۆ پەروەدەکانی کەلار، کفری و خانەقین: 9ـی مانگ دەستپێبکەنەوە
 
پەروەردەی گەرمیان دوای بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە مامۆستایان کردووە و دەڵێت، "هەوڵی مامۆستایان بە هەدەرنەچووە و پاش وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر بەشێک لە داواکارییەکانیان، وەزارەتی پەروەردە بە نووسراویان وەڵامی یاداشتی مامۆستایانیان داوەتەوە."
 
دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان لە نووسراوەکەیدا بە مامۆستایان دەڵێت، "لە پێناوی دوارۆژی مناڵەکانمان و بە فیرۆنەچوونی ساڵێکی خوێندنیان و دووپاتکردنەوەی پاڵپشتیی مامۆستایان بۆ بەدیهێنانی سەرجەم ماف و داوا رەواکانی دیکەیان داوا لە ناوەندەکانی خوێندنی سنووری پەروەردەکانتان بکەن لە رێککەوتی 9ـی ئەم مانگەوە دەستبکەنەوە بە دەوام."
 
ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازی: سبەی خۆپێشاندانی سەرتاسەرییە
 
داواکاری پەروەردەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دوای نووسراوی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هات کە تێدا ئاماژەی بەوەکردووە، پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، داواکاریی مامۆستایان جێبەجێ دەکەن کە ئەوانیش پلەبەرزکردنەوە و بە گرێبەستکردنی وانەبێژانە. 
 
دوای نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، نوێنەرانی ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان رێکخست و رایانگەیاند، "مەرجدارکردنی جێبەجێکردنی داخوازییەکانمان و بەستنەوەی بە هەمواری نادیاری یاسای بودجەی عێراقەوە خۆدزینەوەیە لە جێبەجێکردنیان و ناتوانین و باوەڕ بەوە ناکەین حکومەت نییەتی چارەسەرکردنی گرفتەکانی هەبێت چونکە داهاتی حکومەت زۆر زیاترە لەو بڕەی بۆ داخوازییەکانمان پێویستە و دەبوو راستەوخۆ بڕیاری جێبەجێکردنی داخوازییەکانی بدایەتەوە."
 
ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی دەشڵێت، "ساڵانی رابردوو چەندین جار بەڵێن و بڕیار دراوە، بەڵام تەنیا مەبەست لەو بەڵێنانە شکاندنی بایکۆت بووە و دوای دەستپێکردنەوەی خوێندن هەموو بەڵێنەکان وەک داخوازییەکانمان پەراوێزخراون و حکومەت بەرپرسیارانە مامەڵەی نەکردووە بۆیە ناچاربووین بایکۆت رابگەیەنین و خۆپێشاندان دەستپێبکەینەوە و بۆ ئەوەی قەیرانەکان لێرەوە کۆتایی بێت."
 
لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە، ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی خۆپێشاندانی سبەی دووشەممەیان راگەیاند و دەڵێت، "کاژێر 10:00ـی سبەی دووشەممە لە سنووری 13ـی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی خۆپێشاندانی بەرفراوان رێکدەخرێت و درێژە بە خەباتی مەدەنی دەدەن و تاکە رێگە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندنێکی تەندروست، جێبەجێکردنی داخوازییەکانمانە و بۆ ئەم مەبەستەش رووبەرووی هەموو گوشارەکان دەبینەوە." 
 
نزیکەی چوار مانگە و لە 13-09-2023ـەوە ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 دەستیپێکردووە، بەڵام مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی، کە دەکاتە نزیکەی ٪40ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.