لە قەرس 12 کەس ئازاد کران کە بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە دەستبەسەر کرابوون
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای قەرسی باکووری کوردستان 12 کەس ئازاد کران کە بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە دەستبەسەر کرابوون.
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا رۆژی پێنجشەممە، 5ی کانوونی یەکەم لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لە پارێزگای قەرس بەڕێوەچوو، هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ و بەتۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە لە سۆشیاڵمیدیا 12 کەسیان دەستبەسەر کرد.
دوای وەرگرتنی گوتەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی فەرماندەیی جەندرمە، ئێوارەی هەمان رۆژ ئەو 12 کەسە ئازاد کران.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لە ماوەی 10 رۆژدا لە 30 پارێزگای تورکیا ئۆپەراسیۆن کراوە و 147 کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی، هاوکاریکردن و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستبەسەر کراون.
لە تورکیا و باکووری کوردستان رۆژانە هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و بە تۆمەتی پەیوەندی بە پەکەکە، هاووڵاتیانی مەدەنی و چالاکڤانان و سیاسەتڤانانی کورد دەستگیر دەکەن.