فڕۆکەخانەی سلێمانی: هیچ فڕۆکەیەکمان ئاگری نەگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەڵێت، هیچ فڕۆکەیەک لەنێو فڕۆکەخانەکە ئاگری نەگرتووە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانیش دەڵێت، ئەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بووە، راهێنانی بنکەکانی ئاگرکوژێنەوەی فڕۆکەخانەکە بووە.
رۆژی چوارشەممە، 06-12-2023 هەندرێن هیوا موفتی، بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ تیمەکانی بەرگریی شارستانی نێو فڕۆکەخانە راهێنانیان هەبوو؛ بۆیە ئاگر لە فڕۆکەخانەکە کرایەوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، ئەوەی کراوە راهێنانی ساڵانەی تیمەکانیانە و دەشڵێت، "ئاگر کراوەتەوە، بەڵام زیانی نەبووە. ئەوەی دەگوترێت فڕۆکە ئاگری گرتووە، دروست نییە."
رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاگر نەکەوتووەتەوە. لە نێو فڕۆکەخانە بنکەیەکمان هەیە کە بنکەی ئاگرکوژێنەوەیە و راهێنانیان هەبووە."
هەر لەوبارەوە، بەشی پەیوەندییەگشتییەکان و راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایگەیاند، جێبەجێكردنی پلانی كتوپڕی فڕۆكەخانە بەسەركەوتووی ئەنجامدرا و گوتی،"لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی پلانی كتوپڕی ساڵانە بۆ مەشق و راهێنانی تیمەكانی فڕۆخانە ئەمڕۆ بەئامادەبوونی سەرۆک، ئەندامانی لیژنەی پلانی كتوپڕی فڕۆكەخانە و نوێنەرانی دەسەڵاتیی فڕۆكەوانی شارستانیی عێراقی مەشقی پلانی كتوپڕی فڕۆكەخانەی نێوەدەوڵەتیی سلێمانی بەسەركەوتووی ئەنجامدرا."