خەیری بۆزانی: زیاتر لە 280 هەزار کوردی ئێزدی هێشتا لەنێو کامپەکاندان
هەولێر دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ژمارەی ئەو کوردە ئێزدییانەی لە ناوچەکانی خۆیان کۆچیان کردووە و ئاوارە بوون، دەگاتە 120 هەزار کەس و پێویستە سەرژمێرییەکی نوێ بکرێتەوە تاوەکو بتواندرێت ژمارەیان بخەمڵێندرێت.
رۆژی چوارشەممە، 6-12-2023، خەیری بۆزانی، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، چەندان ساڵە سەرژمێریی کوردانی ئێزدی لە عێراقدا نەکراوە، بۆیە هەزاران کەس بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە. دەشڵێت، "ئەوانەی کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە، روویان لە وڵاتانی ئەوروپی و کیشوەری ئەمریکا وەکو کەنەدا کردووە. لە وڵاتانی ئەوروپییش، وڵاتی ئەڵمانیا پشکی شێری بەرکەوتووە."
خەیری بۆزانی دەڵێت، "ئەو کوردە ئێزدییانەی لەنێو کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین، ژمارەیان لە 280 هەزار زیاترە. ئەوانەی ئاوارەن و لە دەرەوەی کەمپەکاندا دەژین ژمارەیان نادیارە؛ ئەوانەیشی کە لە کۆمەڵکوژییەکەی داعشدا شەهید بوون، ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 5 هەزار شەهید."
بەگوتەی ئەو راوێژکارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێش کۆمەڵکوژییەکەی داعش، ژمارەی کوردانی ئێزدی لە باشووری کوردستان بە 600 هەزار کەس دەخەمڵێندران، ئێستا ژمارەی کوردانی ئێزدی نزیکەی 500 هەزار کەسن.
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال، لە 3ی ئابی 2014، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و، شەش هەزار و 417 کەسیشی رفاند، کە تائێستا سێ هەزار و 575 کوردی ئێزدی رزگارکراون و نزیکەی 2842 کەسیش بێسەروشوێنن.