سەرۆککۆماری تورکیا: کۆبانێ کۆتاییهاتووە
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە 6-12-2022 وەڵامی پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپەی دایەوە و گوتی: "کۆبانێ کۆتاییهاتووە."
ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی یەکێتیی سەندیکاکانی خاوەنکارانی تورکیا - TISK لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لەو بۆردوومان و تۆپبارانە کرد کە سوپای وڵاتەکەی لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و سووریا ئەنجامیداون.
گوتارەکەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە لە نێو پەرلەمانی تورکیادا باسی لە هەڕەشەکانی حکومەتی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر کۆبانێ کرد. ئەمڕۆ سێشەممە ئەردۆغان وەڵامی دایەوە و گوتی: "کەسانێک هاتوون و دەڵێن، ناتوانن وەها لە کۆبانێ بکەن! کۆبانێ کۆتاییهاتووە! باسی چی دەکەیت؟ لە ئیدلب و کۆبانێ و تەواوی ناوچەکەدا هەموو رێو شوێنێکی پێویستمان گرتووەتەبەر و لەمەودواش بەردەوام دەبین. بەو هاوڕێ تیرۆریستانەتان بڵێن: ئیدی تورکیا بۆ ئەوان شوێنێکی بەرەکەتدار نییە."
لەبارەی پلانی ئەنقەرە بۆ رۆژئاوای کوردستان و سووریاش، ئەردۆغان گوتی: "ئەگەر تیرۆر لە باکووری سووریاوە سەرچاوە بگرێت، ئێمە نایەڵین بێنە ژوورەوە و بێنە نێو وڵاتەکەمان، بەڵکو لە باکووری سووریا کۆتاییان پێدەهێنین."
ئەمە لەکاتێکدایە، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا هاوبەشی ئەمریکایە و رۆڵی گرنگی لە تێکشکاندنی داعشدا هەبووە.
رۆژی دووشەممە، پەروین بوڵدان رەخنەی لە ئاکپارتی و مەهەپەی هاوپەیمانی گرت و گوتی: "دووبارە بەرەو هەڵبژاردنە و ئێوە لە سووریا بەدوای ئاژاوەدا دەگەڕێن. نەتانتوانی نرخی دۆلار و هەڵاوسان داببەزێنن. ئینجا دەڵێن، با بڕۆینە سووریا و کۆبانێ بخەین. ئێوە لە دەسەڵات دەڕۆن، بەڵام کۆبانێ بە ئاسانی ناکەوێت. دەمەوێ باوەڕ بەمە بکەن."
پەروین بوڵدان گوتی: "باش دەزانین ئامانجتان ئەوەیە کورد لە رۆژئاڤا نەتوانن قەوارەیەکی دیموکراسی بەدەستبهێنن. بزانن کە ناتوانن لەسەر بنەمای بێ قەوارەیی خەڵکی کورد لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، ستاتۆی خۆتان دابمەزرێنن."
لەکاتێکدا نزیکەی حەوت مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا، پەروین بوڵدان گوتی: "ئێوە بە کودەتای قەیومەکانتان ئەنجامی هەڵبژاردنتان لەنێوبرد، چونکە سیاسەتتان هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ سیاسەتی کودەتاچییەکان نییە. قەیومەکانتان شارەوانییەکانیان نوقمی گەندەڵی کرد و هەموو رۆژێک هێرشدەکەنە سەر خەڵکی کورد و زمانەکەی و کولتوورەکەی. ئەو رۆژانە زۆر نزیکن کە قەیومە دژە کوردەکانیشتان دەنێرینە زبڵدانی سیاسەت."