زانکۆی سلێمانی: کێشەی لێچوونی گاز لە کافتریای زانکۆی سلێمانی چارەسەر کرا


رووداو دیجیتاڵ 
 
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران رایگەیاند، ئەو لێچوونی گازەی دوێنێ لە زانکۆی سلێمانی هەبوو، بەرگریی شارستانی و کۆمپانیایەکی خۆبەخش چارەسەریان کردووە، ئێستا کافتریا کراوەیە و "هیچ مەترسییەکی نییە." 
 
رۆژی دووشەممە، بەهۆی لێچوونی گاز لە کافتریای زانکۆی سلێمانی، بەرگریی شارستانیی شارەکە داوای لە خوێندکاران کرد شوێنە بەجێببهێڵن. 
 
رۆژی سێشەممە 6-12-2022، د. پێشرەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە رووداوی گوت: "لە مێژە گازی ئێڵ پی جی لە زانکۆی سلێمانی بەکارناهێنرێت ئەوەی هەیە ساڵی 2012 دانراوە سەردەمی کۆرۆنا گازی تێدەکرا، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە سیستمەکە بەکارنەهێنرا، چونکە ئەو کات کافتریاکان داخران، ئێستا بوتڵی گاز بەکاردەهێنرێت، ئەو لێچوونی گازەش کە دوێنێ هەبوو پەیوەندی بەو گازەوە هەیە کە سەردەمی کۆرۆنا تێیکرابوو و مابووەوە." 
 
بە گوتەی د. پێشرەو حەمەجان، دوێنێ بەرگریی شارستانیی سلێمانی و کۆمپانیایەکی خۆبەخش هاتوون و کێشەی سیستمەکەیان چارەسەر کردووە، ئێستا لێچوونی گاز نییە و کافتریا کراوەتەوە و هیچ کێشەیەکی نییە.
 
کافتریای زانکۆی سلێمانی یەکەم شوێن نییە کە بەهۆی لێچوونی گازەوە چۆڵ دەکرێت، رۆژی یەکشەممە 04-12-2022، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی مەترسیی لێچوونی گاز و بۆ رێگریکردن لە رووداوی نەخوازراو، هۆڵی وەرزشیی لوکس لە گەڕەکی هەواری تازە لە سلێمانی داخرا. 
 
رۆژی 17-11-2022، بەهۆی تەقینەوەی سیستمێکی شۆفاژ، خانوویەکی سێ نهۆمی لە سلێمانی رووخا و بەهۆیەوە 15 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و 12ی دیکە برینداربوون، ئەو رووداوە ترسی لای هاونیشتمانییان دروستکردووە.
 
شەوی 21-11-2022، تانکیی گازی سەمونخانەیەک لە دهۆک تەقییەوە و بەو هۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و 31 کەسی دیکە برینداربوون. 
 
دوای رووداوەکەی دهۆک، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کارکردن بە سیستمی گاز رابگیرێت تاوەکو رێنوێنیی نوێ دەردەکرێت.